رووسیا نزیکەی 140 درۆنی ئۆکرانی لە ئاسمانی مۆسکۆ دەخاتە خوارەوە

دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، لە شەوی رابردوودا تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی 140 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی مۆسکۆ و دەورووبەریان کردبوو.

ئەمرۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، سێرگی سوبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ لە کەناڵی خۆی لە تێلێگرام ئاشکرای کرد، ئۆکرانیا هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتە سەر مۆسکۆ و دەورووبەری، بەڵام سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا توانیویانە 139 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ‘درۆن’ بخەنە خوارەوە، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، گەیشتوونەتە ئەو شوێنانەی پاشماوەی فڕۆکەکان تێیاندا کەوتوونەتە خوارەوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بەهۆی چڕکردنەوەی هێرشەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ ناو قوڵایی خاکی رووسیا روو لە هەڵکشانە، هێرشەکان دامەزراوە ستراتیژییەکانیان کردووەتە ئامانج، لەوانەش پاڵاوگەیەکی نەوت، دامەزراوەیەکی گەورەی پێتڕۆکیمیایی و شوێنێکی بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازی.

ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە لەگەڵ ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە شێنزین.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو سێ سەرکردەیەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە وردی چاودێریی ئەنجامەکانی دەکات سەبارەت بە دۆسیە جیهانییەکان. بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، پێشبینی ناکرێت جەنگی ئۆکرانیا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بێت.

پەرەسەندنەکان بەردەوامیی پێکدادانی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەخەنە روو، لەو کاتەی جەنگەکە بەرەو تێپەڕاندنی ساڵی چوارەمی دەچێت. چونکە لە شوباتی 2022ـەوە رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا بەشێکی خاکی ئەو ولاتەی کۆنترۆڵکرد و دەیان هەزار سەرباز و خەڵکی مەدەنی کوژراون و برینداربوون، هەروەها ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی وڵات بوون.