هەزاران قوتابی لە هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قوتابیانە دەستپێکردووە کە لە خوێندن دابڕاون، لە ساڵی خوێندنی 2025 - 2026ـدا، زیاتر لە 8 هەزار و 800 قوتابی لە هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن.
حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکانی خوێندن، بە کوردستان24ـی راگەیاند "دابڕان یان وازهێنان لە خوێندن یەکێکە لەو کێشانەی کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی تاک و کۆمەڵگە هەیە، بەتایبەت ئەو قوتابیانەی لە قوتابخانە تۆمارکراون، بەڵام پێش تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندن وازیان هێناوە".
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەو دابڕانە، سەرتیپ گوتی "هۆکارەکان دەگەڕێنەوە بۆ باری ئابووری و هەژاری، کێشەی تەندروستی، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و خێزانی، دووریی قوتابخانە، لاوازیی ئاستی خوێندن و نەبوونی چاودێری و بەدواداچوون".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە ساڵی خوێندنی 2025 - 2026ـدا 8 هەزار و 836 قوتابی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن. کۆی گشتیی ئەو قوتابیانەش کە لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە خوێندن دابڕابوون و گەڕێندراونەتەوە پۆلەکان، گەیشتووەتە 42 هەزار و 107 قوتابی.
ئێستا رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرووی تەمەنی 10 ساڵ 16.23%ـە. سەرتیپ چارەسەرییەکانی بۆ رێگری لە دابڕان لە خوێندن بەم شێوەیە روونیکردەوە "چاودێریکردنی بەردەوامی قوتابیان، پەیوەندیکردن بە خێزانەکان، پەرەپێدانی بەرنامەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و خوێندنی خێرا لەو رێکارانەن کە جێبەجێ دەکرێن".
وەزارەتی پەروەردە جەختدەکاتەوە کە بابەتی وازهێنان لە خوێندن پێویستە لە پلانی پەروەردەییدا گرنگیی تایبەتی پێ بدرێت. حەسەن سەرتیپ لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمە تەنیا کێشەیەکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتیشە و چارەسەرکردنی بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکە".
ساڵانە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی رێکخراوی یونسێف، لە 8ـی ئەیلوول کە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە، هەڵمەتی گەڕاندنەوە بۆ قوتابخانەکان رادەگەیەنێت. لەو هەڵمەتانەدا هەزاران منداڵ و قوتابی سوودمەند دەبن و دەگەڕێنەوە بەر خوێندن.