لە ماوەی 8 ساڵدا رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 70% کەم بوونەتەوە

لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی باشتربوونی کوالێتیی رێگاوبانەکان و هۆشیارییەوە، رووداوەکان و گیانلەدەستدان بەهۆی تیژڕەوییەوە بەرەو کەمبوونەوە دەچن، بە جۆرێک دابەزینی رێژەی مردن بە 70%، هەرێمی کوردستان دەخاتە ریزبەندی ئەو ناوچانەی لە ماوەیەکی کەمدا گەورەترین پێشکەوتنیان لە بواری سەلامەتیی هاتوچۆدا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کردووە.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەلامەتیی رێگاوبانی کردووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کارنامەی خزمەتگوزاری و گشتگیرکردنی ژێرخانەکەی.

خێرایی لەسەر شەقام لەوانەیە ببێتە هۆی نەگەیشتن بە شوێنی مەبەست. ساڵانە لە جیهاندا و لە هەرێمی کوردستانیش چەندین خێزان بەهۆی غافڵبوونێکی کاتییەوە کەسوکاریان لەدەست دەدەن، بەڵام چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان رووداوەکانی هاتوچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە و بەشێک لە گەشتیاران و هاووڵاتییانیش سەرسامن بە گۆڕانکارییەکانی رێگاوبان و سیستەمی هاتوچۆی کوردستان.

لەو بارەیەوە، غانم عوجێلی، گەشتیار، دەڵێت: "گۆڕانکارییەکان لە سەرانسەری کوردستان بەدی دەکرێن و رێگاوبانەکان زۆر پێشکەوتوون و هەست دەکەی لە وڵاتێکی دەرەوەی، هەر رێگایەک و بۆی دیاریکراوە دەبێت ئاستی تیژڕۆییت چەند بێت لەکاتێکدا ئەوە لە شارەکانی دیکەی عێراق بەدی ناکرێت بۆ نموونە رێڕەوێک کە پێویستە 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک ببڕێت کەچی خەڵک لە 200 کیلۆمەتر/کتژمێر لێدەخوورێت". 

هەروەها غەمبار سەعید، هاووڵاتی، ئاماژە بەوە دەکات کە خزمەتگوزارییەکانی رێگاوبان رۆڵێکی گرنگیان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان هەبووە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەتی بە کەرتی رێگاوبان داوە، هەر لە دروستکردنی شەقام و رێگا دووسایدەکانی نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تا دەگاتە گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی هاتوچۆ و ئاسانکارییەکان لەسەر شەقام، ئەمەش وای کردووە رووداوەکانی هاتوچۆ کەم ببنەوە.

عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: دروستکردنی شەقام و بەرزەپرد لەنێو شارەکاندا و رێکخستنی هاتوچۆ لەلایەن بەشی ئەندازەی هاتوچۆوە کە رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە رێکخستنی شەقام و دانانی هێما و هێلکاریکردنەوەی شەقامەکان و لە هەمووشی گرنگتر دانانی سیستەمی کامێرای چاودێریکردنی تیژڕۆییە بە تایبەتیش خاڵ بۆ خاڵ کە لە سەرەتادا رەخنەی زۆری لێگیرا بەڵام دواتر بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان روون بووەوە کە چەند رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ. 

رووداوەکانی هاتوچۆ لە ماوەی 8 ساڵدا بە رێژەی 70% کەمیان کردووە و ئەم دابەزینە بە پێوانەیی هەژمار دەکرێت. بە گوێرەی ئەو داتا فەرمییانەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە لەبەردەستدان، کۆی گشتیی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 661 کەس، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو کە زیاتر لە هەزار و 500 رووداو روویان دەدا.