کەمبوونەوەی کارەبا بەرهەمی کارگەکانی سلێمانیی بە رێژەی 80% دابەزاندووە
کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، زیانێکی گەورەی بە کەرتی پیشەسازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی گەیاندووە و بە گوتەی خاوەن کارگەیەکیش، بەهۆی گرانیی نرخی گازوایل و ناچاربوونیان بە کارپێکردنی مۆلیدە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارگەکانیان بە رێژەی 80% دابەزیوە.
لە یەکێک لە کارگەکانی ئاو لە سلێمانی، مۆلیدەکان ماوەیەکی زۆر بوو کاریان پێ نەکرابوو، چونکە پێدانی کارەبای 24 کاتژمێری وای کردبوو پێویستیان پێی نەبێت، بەڵام دوای کەمبوونەوەی کارەبا، کارگەکە ناچار بووە بەشێکی زۆری ئامێرەکانی رابگرێت؛ بە جۆرێک لە کۆی 4 ئامێری ئامادەکردنی ئاوی کارتۆن، ئێستا تەنها یەک ئامێر کار دەکات.
هەڵشۆ ئەبوبەکر، خاوەن کارگە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە هەفتەی یەکەمدا دۆخەکە بە شێوەیەک بوو لە 24 کاتژمێردا یەک کاتژمێریش کارەبای نیشتمانیمان نەبوو و تەنها پشتمان بە مۆلیدە بەستبوو، تێچووی مۆلیدەش دەریناهێنێت؛ ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانمان دابەزیوە بۆ 20%ـی جاران و بە رێژەی 80% کەمی کردووە، کەرتەکانی دیکەش بە هەمان شێوە زیانیان بەرکەوتووە".
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لەم دۆخەدا خاوەن کارگەکان زەرەرمەندی یەکەمن، چونکە نەبوونی کارەبا تێچووی بەرهەمهێنانی کاڵای زیاد کردووە و قەبارەی بەرهەمیشی کەم کردووەتەوە.
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، لەو بارەیەوە دەڵێت: "ماوەیەکی زۆرە کارەبا بەردەوام بووە و من یەکێکم لەو کەسانەی گرنگیم بە مۆلیدەکەم نەداوە و ئێستا دەبێت بە پەلە نۆژەنی بکەمەوە، تەنانەت هەندێک کەس مۆلیدەیان هەر نەماوە؛ بۆیە زۆربەی کارگەکان بە شێوەیەکی کاتی کارەکانیان راگرتووە تا ئەو کاتەی کێشەی کارەبا چارەسەر دەبێت".
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 140 کارگە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان هەیە و هەزار و 143 کارگەی دیکەش مۆڵەتی پیشەسازی و گەشەپێدانیان هەیە، هاوکات ژمارەی ئەو کارگانەی مۆڵەتی ژووری بازرگانییان هەیە دەگاتە نزیکەی 2 هەزار کارگە.
نەبوونی کارەبای نیشتمانی ئەگەر یەک بارگرانیی بۆ ماڵ و هاووڵاتییان دروست کردبێت، ئەوا بۆ کارگەکان چەندین بارگرانیی دروست کردووە، چونکە بەبێ کارەبا کارەکانیان دەوەستێت و ناتوانن وەک رابردوو بەرهەمیان هەبێت؛ بۆیە خاوەن کارگەکان چاوەڕێن بە زووترین کات کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ بگەڕێتەوە تا لەو سستییەی ئێستا رزگاریان ببێت.