هێمن هەورامی: لە چوارچێوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانی ئامادەین لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆ بکەین

کۆبوونەوەی هێمن هەورامی و کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر
کۆبوونەوەی هێمن هەورامی و کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا  رایگەیاند، لە چوارچێوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانیدا بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ئامادەن و سڵیش لە هیچ رێکارێک ناکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی پەرتکردنی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد و رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

هێمن هەورامی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە دیدارەکەدا بە وردی سەرجەم هەنگاوە سیاسییەکانی پارتیی دیموکراتی کوردستانی لە دوو ساڵی رابردوودا بۆ گفتوگۆکان و گەیشتن بە رێککەوتن خستووەتەروو و تەواوی رێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیشی بۆ شاندی میوان روون کردووەتەوە.

گوتیشی، جەختیان لەوە کردووەتەوە لە چوارچێوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەیی تەواوی پارتەکەیان دووپات دەکەنەوە. 

سەبارەت بە دەنگۆ و هەوڵە نەگونجاوەکانی هەندێک لایەن بۆ پەرتکردنی هەرێمی کوردستان، هەورامی روونی کردەوە، پارتی، گەلی کوردستان و دڵسۆزانی خاکی کوردستان سڵ لە هیچ ئامراز و رێکارێک ناکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەن و هەوڵە ناکوردستانییانە.

لە بەرانبەردا، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو دووپات کردەوە و جەختی کردەوە، ئیتاڵیا پەرۆشی پاراستن و برەوپێدانی زیاتری هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتووە و خوازیارن گفتوگۆ سیاسییەکان بەردەوام بن تا لە رێگەی دیالۆگەوە رێککەوتن بکرێت. 

لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسییان لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان بەدەستهێنا. سەرەڕای دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نزیکەی دوو ساڵە کابینەی نوێی حکوومەت پێکنەهێنراوە. 

رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026 و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دانیشتنی تەواوکاریی یەکەمی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو.

 لەو دانیشتنەدا بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئامادەبوو، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا و هەریەک لە ڤاڵا فەرید بە سەرۆکی پەرلەمان، رامی نووری بە جێگر و مونا قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان دیاری کران؛ بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان بوون، لە رێگەی پەرلەمانتارێکی عێراق و سەرۆکی پێشووی تەمەنی پەرلەمانەوە دوو سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان تۆمار کرد بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە و دەرکردنی ئەمری وەلائی؛ بەڵام دادگا داواکارییەکانی رەتکردەوە.