وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: هیچ نووسراوێکمان بۆ داخستنی پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێت بەدەست نەگەیشتووە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لەبارەی داخستنی پلاتفۆرمەکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بەدەست نەگەیشتووە و جەخت دەکاتەوە، هەر بڕیارێک لەو بارەیەوە دوای لێکۆڵینەوەی یاسایی و ئەمنی و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،سەبارەت بە داخستنی هەر پلاتفۆرمێکی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە نەگەیشتووەتە دەستی وەزارەتەکەیان.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، لە کاتی گەیشتنی نووسراوی فەرمی بۆ ئەم بابەتە یاخود هەر بابەتێکی دیکەی هاوشێوە، دوای بەدواداچوون لەسەرلێکەوتە و رەهەندەکانی خزمەتگوزارییەکە و وەرگرتنی بۆچوونی دامودەزگا تایبەتمەندەکان لە رووی یاسایی و ئەمنییەوە، بڕیاری پێویستی لەسەر دەدەن.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لەژێر رۆشنایی یاسای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ژمارە 19ـی ساڵی 2011 دەبێت، ئەوەش بە لە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گەیاندن بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.