ترەمپ: سەردانی چین دەکەم و ئەگەری کۆبوونەوەشم لەگەڵ پووتین و کیم جۆنگ ئون هەیە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە کۆشکی سپی و پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بۆ ئاسیا، وەڵامی زنجیرەیەک پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆکانی چین و رووسیا، دۆسیەی ئۆکرانیا و ئێران، قەیرانی گەشتە ئاسمانییەکان، کەیسی کۆمپانیای ئێنڤیدیا، کۆچبەران و چەندین پرسی ناوخۆیی و دەرەکی.
دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەتا گەشتێکی گەورە بۆ فلیپین دەکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی ئابووریی گرنگ کە تێیدا گوتاری سەرەکی پێشکەش دەکات، دواتریش دەچێتە چین و لەوێ لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.
ترەمپ ئاشکراشی کرد، ئەگەری هەیە لە چین لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکووریش کۆببێتەوە و بەشداریکردنی ناوبراویش پەیوەستە بە سەرۆکی چینەوە. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی کانوونی یەکەمدا میوانداریی لووتکەی وڵاتانی بیست (G20) لە شاری مەیامی دەکەن. سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، لە کۆبوونەوەکانی چیندا پرسەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و دۆسیەی ئەتۆمیی کۆریای باکوور و ئابووری و بازرگانی تاوتوێ دەکەن.
دۆخی جەنگی ئۆکرانیا، دۆسیەی ئێران و هێزی سەربازیی ئەمەریکا
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، ترەمپ جەختی کردەوە، ئۆکرانیا لەم جەنگەدا دەدۆڕێت و رووسیاش مانگانە 25 هەزار سەرباز لەدەست دەدات؛ کاتێکیش پرسیاری لێ کرا چی پێویستە بۆ ئەوەی پووتین لە ئۆکرانیا پاشەکشە بکات، ترەمپ گوتی: پێی وایە پووتین کەمێک پاشەکشەی کردووە و دەشێت نەرمیی زیاتر بنوێنێت.
لەبارەی ئێرانەوە، ترەمپ رایگەیاند، دۆسیەی ئێران لە دۆخێکی زۆر باشدایە و لە چین کەمێک باسی لێوە دەکەن، بەڵام رەتی کردەوە ئاشکرای بکات ئایا داوا لە بەیژینگ دەکات کڕینی نەوتی ئێران رابگرێت یان نا و بە رۆژنامەنووسانی گوت کە چیی بوێت داوای دەکات و پێویست ناکات ئەوان بیزانن.
لە وەڵامی پرسیاری مەترسیی درۆنە ئێرانییەکانیش بۆ سەر ژیانی کەسیی خۆی، ترەمپ بە گاڵتەوە هۆشداریی دایە پەیامنێرەکان و گوتی: با خەمی خۆیان بێت چونکە ئەگەر ئەو بکرێتە ئامانج، ئەوانیش نامێنن. هاوکات دووپاتی کردەوە، سوپای ئەمەریکا لە هەموو کاتێک بەهێزترە و کارگە سەربازییە نوێیەکان لە سەرانسەری وڵاتدا زیاتر لە هەر کاتێک سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تاد بەرهەم دەهێنن.
ئەگەری هەیە ئیخوان مووسڵمین بخەینە لیستی تیرۆرەوە
ترەمپ رەتی کردەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خول کاریگەری لەسەر هێز و نفوزی ئەو لە دەرەوەی وڵات دابنێت و گوتی ناوی خۆی لەسەر کارتی دەنگدان نەبووە و لایەنگرەکانیشی لە بڕیارەکانی کۆنگرێس تووڕە بوون.
لەسەر پرسی کۆچبەرانیش، ترەمپ پشتگیریی لە چاکسازییەکی توندی کۆچ بەبێ هیچ لێبوردنێک کرد، و هۆشدارییشی دایە مەکسیک کە ئەگەر رێگری لە کاروانەکانی کۆچبەران نەکات بۆ ناو ئەمەریکا، پێناسە گومرگییە قورسەکانی بەسەردا دەسەپێنێت.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی ئالاسکا، ترەمپ رکابەرەکانی تۆمەتبار کرد بە دانانی دوو کاندیدی ساختە بۆ شکستپێهێنانی دان سۆلیڤان و رووداوەکەی بە فێڵێکی ناڕەوا وەسف کرد؛ هەروەها دەستخۆشیی لە حکوومەتی میسر کرد بۆ گرتنەبەری رێکاری توند دژی رێکخراوی ئیخوان موسلیمین لەسەر داوای خۆی، و ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەکەی لە نزیکەوە چاودێریی رێکخراوەکانی وەک (CAIR) دەکات و ئەگەری هەیە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو گرووپانە بگرێتەبەر.
کەیسی ئێنڤیدیا، جێنسن هوانگ و ناکۆکیی وەزیرەکان
سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر دۆسیەی کۆمپانیای تەکنەلۆجیی ئێنڤیدیا و دەستلەکارکێشانەوەی جێنسن هوانگ گوتی، دەنگۆی پەیوەندیی سۆزداریی هوانگ لەگەڵ سیخوڕێکی چین نەسەلمێنراوە و هیچ بەڵگەیەک نییە ئەو ژنە سیخوڕ بووبێت، چونکە بە گوتەی ئەو هەر ژنێکی جوان لە چینەوە بێت یەکسەر تۆمەتی سیخوڕیی دەخرێتە پاڵ؛ جەختیشی کردەوە، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا نەکەوتووەتە مەترسییەوە.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە هەرچەندە پێشتر ناوی تیم کووکی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەپڵی بۆ پۆستەکە پێشنیاز کردبوو، بەڵام پێشوازی لە گەڕانەوەی جێنسن هوانگ دەکات بۆ ئێنڤیدیا چونکە وانەیەکی گەورەی وەرگرتووە، لە کاتێکدا واشنتن بە توندی رێگریی کردووە لە فرۆشتنی چیپە پێشکەوتووەکانی بە چین و تەنیا رێگە بە فرۆشتنی چیپە کۆنەکان دراوە.
دەربارەی ناکۆکیی نێوان سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینە و هاوارد لوتنیک وەزیری بازرگانی لەسەر دواخستنی خستنە لیستی رەشی کۆمپانیای مێگاسپیدی سەنگاپووری، رایگەیاند، ئەوان دوو دیدگای جیاوازیان هەیە؛ یەکێکیان دەیەوێت دۆستانە مامەڵە لەگەڵ چین بکات و ئەوی دیکەش تەقینەوەی پەیوەندییەکانی دەوێت، لوتنیک بڕیارەکەی دواخست تاوەکو پێش سەردانەکەی چین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەکین تێکنەچێت، و دواجار خۆی بڕیاری کۆتایی دەدات.
پەککەوتنی فڕۆکەوانی، هێرشکردنە سەر بایدن و رەخنەگران
سەبارەت بە پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان، رایگەیاند، ئەو کێشەیەی رۆژی هەینی بەهۆی ئامێری زۆر کۆنی 50 بۆ 55 ساڵییەوە بووە کە وەک خۆی گوتی "جەڵتەی دڵیان لێ داوە". ترەمپ ئیدارەی جۆ بایدن و پیت بوتیجیج، وەزیری پێشووی گواستنەوەی تۆمەتبار کرد بەوەی سیستەمەکەیان تێکداوە و کێبڵی مسیان بە شووشەوە بەستووە و پارەیان بەهەدەر داوە.