کایا کالاس: دەبێت بە شێوەیەکی کرداری لەگەڵ سووریا بکەوینە گفتوگۆوە
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوە؛ لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەشدا پرسی گۆڕانکارییەکانی سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەرجەکانی رووسیا بۆ ئاشتی لە ئۆکرانیا و پێشێلکارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران خرانە بەر باس.
دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکدا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند، ئەمجارە بە دۆسیەی سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکەن و هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا بەرز بکەنەوە بۆ ئاستی هاوبەشە تەقلیدییەکانیان لە ناوچەی حەوزی دەریای ناوەڕاست.
کالاس گوتی: پێویستە بە شێوەیەکی کرداری لەگەڵ سووریا بکەوینە گفتوگۆوە، چونکە ئەگەر ئێمە لەوێ ئامادە نەبین و دەستپێشخەری نەکەین، ئەوا ئەو بۆشاییە لەلایەن هێز و یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە پڕ دەکرێتەوە.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا و پرسی دانوستانەکان، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا ڕەخنەی لە هەڵوێستی مۆسکۆ گرت و گوتی: لە ساڵی 2021 رووسیا بە کۆمەڵێک داواکارییەوە بیانووی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگی دۆزییەوە، ئێستاش هەمان داواکاری و مەرجی لەڕادەبەدەر دەخاتەوە بەردەممان کە ئەمەش تەنیا بیانوویەکە بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکاری.
کالاس دووپاتی کردەوە، رووسیا دەستدرێژیکارە و ئەو جەنگەی دەستپێکردووە، بۆیە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ سەپاندنی مەرجەکانی کرێملندا نین.
هاوکات ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا هۆشداریی دایە نەیارانی ئەوروپا و گوتی: نابێت هیچ لایەنێک تواناکانی ئەوروپا کەم سەیر بکات؛ ئێمە سوورین لەسەر پاراستنی ئاسایشی کیشوەرەکەمان و رێگە بە هیچ دەوڵەتێک نادەین مەرجەکانی خۆی بەسەر داهاتوو و ئاسایشماندا بسەپێنێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە توندیش رەخنەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت و رایگەیاند؛ هیچ شتێک و هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو تاوانە گەورانە لەبیری ئەوروپییەکان بباتەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دژ بە ژنان و پیاوانی ناڕازیی ئەو وڵاتە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا ئەنجام دراون.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، کایا کالاس باسی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) کرد و جەختی کردەوە کە ئەوروپا کار بۆ بەهێزکردنی دادگاکە دەکات و هەوڵ دەدات واشنتنیش قایل بکات کە ئەو رەخنانەی لە دەسەڵاتی دادگاکە دەیگرێت لەجێی خۆیاندا نین، چونکە بە گوتەی کالاس، لەم قۆناخە پڕ لە شەڕەی جیهاندا پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لێپرسینەوە لە تاوانباران گرنگترین مەرجی سەقامگیرییە.