لە هەولێر گەورەترین نەخۆشخانەی تەندروستیی دەروونی دروست دەکرێت
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی نەخۆشخانەی نیشتمانیی تەندروستیی دەروونی لە شاری هەولێر بە چڕی بەردەوامە و تا ئێستا 75%ـی کارەکانی تەواو بووە، دەبێتە نوێترین و گەورەترین نەخۆشخانەی دەروونی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویانکردووەتەوە، نەخۆشخانەکە 200 تەختی خەواندن لەخۆ دەگرێت و لەسەر رووبەری 30 هەزار و 500 مەتر دووجا دروست دەکرێت. هاوکات پڕۆژەکە بە پێوەری نوێی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێت کە رەچاوی دۆخی نەخۆشانی دەروونی دەکات و رێژەی سەوزایی تێیدا دەگاتە 30% بە مەبەستی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ نەخۆشان.
سەبارەت بە پێکهاتەی پرۆژەکە، نەخۆشخانەکە لە شەش باڵەخانەی دوو نهۆمی پێک دێت و چەندین بەشی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە بەشەکانی بەڕێوەبردن، نۆرینگە، تیشک، تاقیگە، هۆڵی کۆبوونەوە و هۆڵی خوێندنی قوتابییانی پزیشکی، هەروەها بەشەکانی مانەوەی ژنان و پیاوان، دابڕینی نەخۆش، نەخۆشیی توند، نەخۆشیی درێژخایەن، لەگەڵ چێشتخانە، شوشتنگە و کۆگا.