دوا مۆڵەت دەدرێتە بریکارەکانی خۆراک
لە هەولێر نزیکەی 200 بریکار هەڵدەوەشێنرێنەوە
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک دوایین مۆڵەت دەداتە بریکارەکانی خۆراک و رایدەگەیەنێت؛ هەر بریکارێک کەمتر لە 40 خێزانی لەلا بێت، مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە و بەوهۆیەشەوە نزیکەی 200 بریکار لە هەولێر کەم دەبنەوە.
لە چوارچێوەی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق بۆ رێکخستنەوەی کاروباری بریکارەکانی خۆراک، رۆژی 15ـی کانوونی یەکەمی 2026 وەک دوایین مۆڵەت بۆ بریکارەکانی خۆراک دیاری کراوە.
سەبارەت بە وردەکاریی بڕیارەکە، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە لە شارەکانی ناوەڕاست و خواروو هەر بریکارێک کەمتر لە 100 خێزانی لەلا بێت مۆڵەتەکەی هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەر بریکارێک کەمتر لە 40 خێزانی لەلا بێت مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە و خێزانەکانیش بۆ نزیکترین بریکار دەگوازرێنەوە."
دلێر عەبدولواحید ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەکان لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە ئاسانە و بە شێوەی ئەلیکترۆنییە، هەر هاووڵاتییەکیش بیەوێت دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆیەوە ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات.
لەبارەی گرنگیی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر روونی کردەوە: "بەشێک لە بریکارەکانی خۆراک تەنیا 5 تا 10 خێزانیان لەلایە، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لە گواستنەوە و کۆکردنەوەی شایستە داراییەکاندا دروست کردووە، چونکە دەبێت بارهەڵگرێک بۆ 5 ماڵ چەندین کیلۆمەتر رێگە ببڕێت؛ هەروەها ئەو بریکارانەی خێزانی کەمیان لەلایە، پارەی بەشەخۆراکی مانگانە زۆر دوا دەخەن، بۆیە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە هەموو ئەو کێشانە چارەسەر دەبن."
بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر باسی لەوەش کرد، پێشنیازیان بۆ بەغدا کردبوو هەر بریکارێک ئەگەر کەمتر لە 150 کەسی (نەک خێزان) لەلا بێت مۆڵەتەکەی هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێشنیازەکەی رەت کردەوە و بڕیاری دا تا 15ـی 12ـی 2026 هەر بریکارێک کەمتر لە 40 خێزانی لەلا بێت هەڵبوەشێنرێتەوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 200 بریکار لە پارێزگای هەولێر کەم دەبنەوە.
بە گشتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6,000 بریکاری خۆراک هەن، کە تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 2,000 بریکاری خۆراک تۆمار کراون.