بەرپرسێکی پارێزگای هورمزگان: ئەمریکا هێرشی سەر سێ ناوچەی کرد
جێگری پارێزگاری هورمزگانی ئێران، بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، ئەمریکا هێرشی سەر سێ شوێنی دوورگەی قیشمی کردووە، بەڵام هێرشەکان زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە.
ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی بە ئاژانسی فەرمی ئێرانای راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، سوپای ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر سێ ناوچەی دیاریکراوی دوورگەی قیشم، بەڵام هێرشەکان هیچ قوربانییەک و زیانیان بۆ ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی دوورگە نەبووە.
ئەحمەد نەفیسی راشیگەیاندووە، دۆخی دوورگەی قیشم کۆنترۆڵە و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نەماوە، بەڵام سەرجەم ناوەندەکانی فریاگوزاریی خێرا و تەندروستی لە ئامادەیی تەواودان بۆ هەر بارودۆخی نەخوازراوە.
هەروەها ئاژانسی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە چەند کاتژمێری رابردووی دەنگی بەهێزی نزیکەی شەش تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی جودای دوورگەی قیشم بیستراوە.
هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قیشم لە کاتێکدا لەم هەفتەیەدا، سوپای پاسداران سێ جار بە درۆن هێرشیکردووەتە سەر بنکە رادارییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران جددیتر مامەڵە دەکەن.