دهۆک؛ زیاتر لە 800 سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە و 635ـیان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە
پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنووری دهۆک بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 835 سەگ کۆکراونەتەوە، لەو ژمارەیەش 635ـیان نەشتەرگەرییان بۆ کراوە و ڤاکسینیان وەرگرتووە و دواتر بەرەڵا کراونەتەوە؛ هاوکات بەرپرسانی پەیوەندیدار ئاماژە بەوە دەکەن کە گلەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک بەراورد بە پێشتر کەمبووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، نیشتمان عارف، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی دهۆک بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە دهۆک بەردەوامە و رۆژانە لە رێگەی تیمی تایبەتەوە سەگەکان کۆدەکرێنەوە و دەبرێنە شەڵتەری تایبەت بە سەگە بێلانەکان.
دەربارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نێو شەڵتەرەکە، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی دهۆک ئاماژەی بەوە دا، 13 پزیشکی تایبەت لە شەڵتەرەکەدا کار دەکەن و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی سەردەمییانە پێشکەش دەکرێن. هاوکات سوپاسی پارێزگا و قایمقامییەتی دهۆکیشی کرد بۆ ئەو پاڵپشتییە ماددییەی پێشکەشیان کردوون، تاوەکو بتوانن کارەکانیان بە باشتر بەڕێوە ببەن.
لە لای خۆیەوە، ئەیاد حیسامەددین، بەرپرسی بەشی حەواندنەوەی شەڵتەری سەگە بێلانەکانی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە رێگەی تیمێکی چوار کەسییەوە بەردەوامە و رۆژانە لە نێوان 5 بۆ 12 سەگ کۆدەکرێنەوە.
گوتیشی: "تاوەکو ئێستا 835 سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە، کە لەو ژمارەیە پرۆسەی نەشتەرگەری بۆ 635 سەگیان کراوە و ڤاکسینیشیان وەرگرتووە، دواتر بەرەڵا کراونەتەوە".
بە گوتەی بەرپرسی بەشی حەواندنەوەی شەڵتەرەکە، پرۆسەکە زۆر خێرایە و لە چەند ناوچەیەک بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو شارەدێیانەی نزیکن لە ناوچە شاخاوییەکان و رێگەیان بۆ ناو سەنتەری دهۆک کراوەیە، هێشتا نەتوانراوە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێن و ئەمەش یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم کارەکانیان.
ئەیاد حیسامەددین باسی لەوەش کرد، سەرنجی سەرەکیی تیمەکانیان بە بەردەوامی لەسەر زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکانە، بە تایبەت لە کاتی بەیانیاندا، چونکە پێشتر ژمارەیەک حاڵەتی هێرشکردنە سەر قوتابییان تۆمار کرابوون.
هاوکات روونیشی کردەوە، لەنێو شەڵتەرەکەدا دوای هێنانی سەگەکان، بە شێوەیەکی تەندروستیی سەردەمیانە نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، پاشان ڤاکسینیان پێ دەدرێت و خواردنی پێویستیان بۆ دابین دەکرێت.
جەختیشی کردەوە، کە بەراورد بە پێشتر، گلەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک کەمبووەتەوە و پرۆسەکە بە رێژەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت.