ئەمەریکا پێگەیەکی مووشەکیی سوپای پاسدارانی لە دوورگەی قیشم بۆردوومان کرد

بەرپرسێکی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی پێگەیەکی هەڵدانی مووشەکیی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە دوورگەی قیشم بۆردوومان کردووە.

سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی سەربازییە بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بە بەکارهێنانی چەک و مووشەکی ورد و لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا، ئەو پێگەیەی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی قیشم لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج.

بەرپرسەکە روونیشی کردووەتەوە کە ئەم هێرشە لە وەڵامی دەستدرێژییەکانی سوپای پاسداران بووە بۆ سەر هێز و پێگەکانی ئەمەریکا، جەختیشی کردەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا سێنتکۆم لەوپەڕی وریایی و ئامادەباشیی تەواودایە بۆ پاراستنی هاووڵاتی و هێزەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

ئەحمەد نەفیسی، جێگری پارێزگاری هورمزگان بۆ کاروباری سیاسی بە ئاژانسی فەرمی ئێرانای راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر سێ ناوچەی دیاریکراوی دوورگەی قیشم، بەڵام هێرشەکان هیچ قوربانییەک و زیانیان بۆ ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی دوورگە نەبووە.

ئەحمەد نەفیسی راشیگەیاندووە، دۆخی دوورگەی قیشم کۆنترۆڵە و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نەماوە، بەڵام سەرجەم ناوەندەکانی فریاگوزاریی خێرا و تەندروستی لە ئامادەیی تەواودان بۆ هەر بارودۆخی نەخوازراوە.

هەروەها ئاژانسی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە چەند کاتژمێری رابردووی دەنگی بەهێزی نزیکەی شەش تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی جودای دوورگەی قیشم بیستراوە.

هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قیشم لە کاتێکدا لەم هەفتەیەدا، سوپای پاسداران سێ جار بە درۆن هێرشیکردووەتە سەر بنکە رادارییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی ئێران جددیتر مامەڵە دەکەن.