لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بە قاچاخبردنی نەوت سەردانی سلێمانی و دەروازە سنوورییەکان دەکات

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت بەمزووانە سەردانی پارێزگای سلێمانی و دەروازە سنوورییەکان دەکات. جەختی لەوەش کردەوە، هەر کەس و لایەنێک لەو دۆسیەیەدا تێوەگلابێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و دوای کۆکردنەوەی بەڵگە پشتڕاستکراوەکان، راپۆرتی کۆتایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێت.
 
 زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو لێژنەیەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت پێکهێنراوە، کارەکانی چڕکردووەتەوە و سەردانی چەند ناوچەیەک دەکات. لێژنەکە بەمزووانە سەردانی پارێزگای سلێمانی و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

زیرەک زێباری روونیکردەوە، ئەندامانی لێژنەکە لە چوارچێوەی ئەرکەکەیاندا سەردانی سلێمانی دەکەن و هەموو ئەو شوێنانە لە نزیکەوە دەپشکنن کە نەوتی بە رێگەی قاچاخ لێوەی هەناردەکراوە. جەختیکردەوە، هیچ کەس و لایەنێک لەو دۆسیەیە پارێزبەندیی نییە و هەرکەسێک تێوەگلابێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

ئاشکرایکرد، لێژنەکە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە پشتڕاستکراوەکان کۆدەکاتەوە. دوای تەواوبوونی پشکنین و لێکۆڵینەوەکان، راپۆرتێکی گشتگیر و کۆتایی ئامادە دەکەن و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن تا رێکاری پێویست بگیرێتەبەر.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو راپۆرتەی لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت ئاراستەی پەرلەمان کراوە، رۆژانە بڕێکی زۆر نەوت لە پارێزگاکانی کەرکووک و سلێمانییەوە بە رێگەی قاچاخ هەناردەی ئێران کراوە و لەوێشەوە رەوانەی ئەفغانستان کراوە. 

لێژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق تا ئێستا چەندین بەڵگەی پشتڕاستکراوەیان دەستکەوتووە و کۆمەڵێک بەڵگەی سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوت کۆکردووەتەوە.