دوو سەرچاوە بۆ کوردستان24: زەیدی و قائانی لەسەر کێشەی جورف سەخر رێککەوتن

سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی فەیلەقی قودس لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی "جورف سەخر" رێککەوتن و بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگاداریش بۆ کوردستان24، کەتیبەکانی حزبوڵڵا بێ رووبەڕووبوونەوە لە ناوچەکە دەکشێنەوە و هێزێکی هاوبەشی ئاسایش و حەشدی شەعبی جێگەیان دەگرنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، دوو سەرچاوەی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـیان راگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس کۆبووەتەوە و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە "جورف سەخر" بکشێنەوە و هێزێکی هاوبەشی حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی دیکەی ئاسایش جێگەیان بگرنەوە.

سەرچاوەکان باسیان لەوە کرد، عەلی زەیدی پێداگریی لەسەر هەڵوێستی خۆی کردووە بەوەی نابێت حزبوڵڵا لە "جورف سەخر" بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی پاشەکشە لەم بابەتە لێدانە لە سەروەریی وڵات و هێزەکانی ئاسایش، گوتوویەتیشی، "ئەگەر ئەمڕۆ شتی وا پەسەند بکەین، سبەی خراپتر روودەدات، دەبێت هەموو گرووپە چەکدارەکان لەوە تێبگەن کەس لە سەرووی یاساوە نییە".

بۆ رێگریکردن لە پێکدادان، ئیسماعیل قائانی پێشنیازی کردووە هێزێکی حەشدی شەعبی بە دیاریکردنی زەیدی خۆی و بێ پەیوەندی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئاسایش بچنە ناو "جورف سەخر" و حزبوڵڵاش بێ رووبەڕووبوونەوە بکشێتەوە. هەرچەندە زەیدی دەستبەجێ بەم پێشنیازە رازی نەبووە، بەڵام لاریشی نەبووە و پێی وا بووە لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە باشترە، هاوکات سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لەگەڵ ئەوەن کێشە و ئاڵۆزی دروست نەبێت.

هەردوو سەرچاوەکە گوتیان، زەیدی دواجار بەم پێشنیازە رازی بووە و سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش دوای کۆبوونەوەکە بە جیا قسەیان لەگەڵ کردووە و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەیان لێ کردووە.

 یەکێک لە سەرچاوەکان ئەوەشی نەشاردەوە تا دوێنێش زۆر دڵنیا بوو سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکارە سەربازییەکە جێبەجێ دەکات، رێگریی دوێنێی حزبوڵڵاش لە چوونی شاندی حکوومەت و شاندی دادوەری بۆ ناو جورف سەخر دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردبوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانیان، زەیدی نەرمی دەنوێنێت و کێشەکە بەو شێوەیە چارەسەر دەکات.

سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانیش لەم پرسەدا، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە بەغدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پاڵپشتیی حکوومەتەکەی زەیدی دەکەین بۆ ئەوەی میلیشیا لەیاسادەرچووەکان رووبەڕووی یاسا بکاتەوە و پشتیوانیی هەر هەوڵێکیش دەکەین سەقامگیریی عێراق پتەوتر بکات."

 سەرچاوەکە ئەوەشی نەشاردەوە، نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا ئامادەکارییان بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی حکوومەت لەگەڵ ئەو گرووپەدا کردبوو، بەڵام حکوومەت دڵنیایی پێ داون کێشەکە بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت.