فەرەنسا بە مانگرتنی نزیکەی 6 ملیۆن فەرمانبەر رۆژ دەکاتەوە
فەرەنسا خۆی بۆ مانگرتنێکی گشتیی بەرفراوان لە کەرتی گشتی ئامادە دەکات و نزیکەی 5.8 ملیۆن فەرمانبەر داوای زیادکردنی مووچە و باشترکردنی دۆخی ژیانیان دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026، فەرەنسا رووبەڕووی مانگرتنێکی نیشتمانیی بەرفراوان دەبێتەوە لە کەرتی گشتیدا، ئەمەش وەک بەدەمەوەچوونێک بۆ بانگەوازی سەندیکا کرێکارییەکان بە مەبەستی زیادکردنی مووچە و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن، لە سایەی بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەگەڵ حکوومەت سەبارەت بە دۆخی گوزەرانی فەرمانبەران.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، بانگهێشتی نزیکەی 5.8 ملیۆن فەرمانبەری کەرتی گشتی کراوە بۆ بەشداریکردن لەم مانگرتنەدا، دوای ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ سێباستیان لۆکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک کە وەڵامدەرەوەی داواکاریی سەندیکاکان بێت.
ئەم جووڵەیە بە سێیەمین مانگرتنی یەکگرتووی کارمەندانی کەرتی گشتی دادەنرێت لە مانگی ئەیلوولی رابردووەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ رێکخستنی خۆپیشاندان لە پاریسی پایتەخت و ژمارەیەک شاری دیکەی فەرەنسا.
سەندیکاکان داوای پەسەندکردنی زیادکردنی گشتیی مووچە دەکەن و پێیان وایە رێکارەکانی ئەم دواییەی حکوومەت لە ئاست داواکاریی کارمەنداندا نین؛ لە بەرامبەردا حکوومەت هەوڵدەدات ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات و کاریگەرییەکانیان لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تێکڕای مووچەی مانگانەی کارمەندان لە فەرەنسا دوای لێبڕینی باج نزیکەی 2,600 بۆ 2,700 یۆرۆیە، لە کاتێکدا کەمترین ئاستی مووچە (SMIC) نزیکەی 1,400 یۆرۆیە لە مانگێکدا. بەڵام لە کەرتی گشتیدا، مووچەی فەرمانبەران بە تێکڕا کەمێک نزمترە لە کەرتی تایبەت و لە دەوروبەری 2,400 بۆ 2,500 یۆرۆدایە، بەجۆرێک مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان زۆرجار لە خوار ئەم ئاستەوەن، ئەمەش لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و هەڵاوسانی ئابووری لەو وڵاتەدا، بووەتە هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایەتی و مانگرتنە بەردەوامەکانی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی.