واشنتن پۆست: ناتانیاهۆ مۆسادی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی لەناو ئێران راسپاردووە

رۆژنامەی واشنتن پۆست، جووڵەیەکی نهێنیی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاشکرا کرد، کە تێیدا دەزگای مۆسادی بۆ ئامادەکردنی ئۆپەراسیۆنێک لە ناو ئێراندا راسپاردووە بەبێ ئاگاداریی فەرماندەیی سوپا و ئەنجوومەنی وەزیران.

چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، رۆژنامەی واشنتن پۆست، بڵاوی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دەزگای مۆسادی بۆ ئامادەکردنی ئۆپەراسیۆنێک لە ناو ئێراندا راسپاردووە بەبێ ئاگاداریی فەرماندەیی سوپا و ئەنجوومەنی وەزیران. سەرەڕای تێبینییە سەربازییەکان و هۆشدارییەکان لەوەی ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لەگەڵ تاران کە رەنگە ئەمریکا خۆی تێیدا تێوەبگلێت.

بە پێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەم جووڵانە نیگەرانییەکی زۆریان لای سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دروست کردووە، کە پێیان وایە رەنگە ناتانیاهۆ پەنا بباتە بەر هەنگاوی پەرەسەندنی گرژی، لە ناویشیاندا هەڵگیرساندنەوەی جەنگێکی بەرفراوان لەگەڵ ئێران، لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی پێگە سیاسییەکەی و رێگریکردن لە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ رکابەرەکانی.

لە ماوەی ئەو هەفتانەی پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل لە 27ـی تشرینی یەکەمی رابردوودا، ناتانیاهۆ فشاری دەکرد بۆ ئەنجامدانی گورزی سەربازیی نوێ دژی ئێران، بەڵام رووبەڕووی ناڕەزایەتیی ئەیال زامیر، سوپاسالار بووەوە، کە نیگەرانیی دەربڕیبوو لەوەی گەڕانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان ببێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردنە بڕیارلێدراوەکان.

هەستیاریی ئەم پێشهاتانە زیاتر بوو دوای ئەوەی گادی ئایزنکۆت، رکابەری سەرەکی و سوپاسالاری پێشوو، بۆ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ راسپێردرا، لە هەنگاوێکدا کە هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە ویلایەتی سیاسیی ناتانیاهۆ دەکات.

ئایزنکۆت لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداریی زۆر توندی ئاراستەی ناتانیاهۆ کردبوو و داوای لێ کردبوو فەرمان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران دەرنەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە دوای هەڵبژاردنەکان بە قۆناخێکی راگوزەری هەستیاردا تێدەپەڕێت.

ئایزنکۆت تا 20ـی کانوونی یەکەم مۆڵەتی هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێی حکوومی کە بتوانێت ناتانیاهۆ لە دەسەڵات دوور بخاتەوە؛ لە کاتێکدا هەندێک لە لایەنگرانی ناتانیاهۆ پێیان وایە گەڕانەوەی ئیسرائیل بۆ دۆخی جەنگ رەنگە دەرفەت بدات بۆ سەپاندنی فشاری سیاسی لەسەر ئایزنکۆت و پاڵنانی بەرەو چوونە ناو حکوومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی کە بە سەرکردایەتیی ناتانیاهۆ بەردەوام بێت.

هەروەها لە میانی دانیشتنێکی ئاگادارکردنەوەی ئەمنیی هەفتەی رابردوودا، ئایزنکۆت داوای کردبوو بە تەواوی لە پێشهاتە ئەمنییە گرنگەکان ئاگادار بکرێتەوە، لە سایەی ترسی ئۆپۆزسیۆندا لە دەرکردنی بڕیاری سەربازی بە دوور لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.

ئەم ترس و نیگەرانییانەش دوای ئەوە زیادیان کرد، ناتانیاهۆ رۆژی هەینی ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی مۆسادی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا رەوانەی واشنتن کرد بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئایزنکۆت.