لە ئەنبار دوو هێرشی ئاسمانی کرایە سەر چەکدارانی داعش
فڕۆکەکانی F-16ـی عێراقی دوو گورزی ئاسمانییان دژی جووڵەی پاشماوەکانی داعش لە ناوچەی سحول راوە لە باکووری قەزای راوەی پارێزگای ئەنبار ئەنجام داوە.
چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، کە ئاماژەیان بە بوونی جووڵەی پاشماوەی چەکدارانی داعش دەکرد لە ناوچەی سەحول راوە لە باکووری قەزای راوەی پارێزگای ئەنبار، فڕۆکەکانی F-16ـی عێراقی دوو گورزی ئاسمانیی ورد و کاریگەریان ئەنجام دا کە ئەو چەکدارانەیان لە هەمان شوێندا کردە ئامانج.
شانەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، گورزی ئاسمانیی یەکەم لە کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە و دوابەدوای ئەویش گورزی ئاسمانیی دووەم لە کاتژمێر 18:57ـی ئێوارەی لەسەر هەمان شوێن ئەنجام دراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، جەختی کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانمان بە دیدگایەکی پیشەیی و دیارەوە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکە مەیدانییەکانیان بۆ تێکشکاندنی مۆڵگەکانی تیرۆر لە هەر شوێنێک بن.
ناوچەی "سحول راوە" ناوچەیەکی بیابانیی کراوە و سەختە و دەکەوێتە باکووری قەزای راوە لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، بە دیاریکراوی لە بەری باکووری رووباری فورات و بە دووریی نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە.
ئەم ناوچەیە درێژکراوەی بیابانی جەزیرەیە کە سنوورە بیابانییەکانی هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەینەوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەهۆی دووریی لە ناوچە ئاوەدانەکان و بوونی دۆڵ و گردی سەخت، لە ماوەکانی رابردوودا پاشماوەکانی رێکخراوی داعش وەک حەشارگە و پەناگە بەکاریان هێناوە، ئەمەش وای کردووە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی ئاسمانی بەردەوام ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردن و بۆردومانکردن لەو سنوورەدا ئەنجام بدەن.