ژمارەیەک ئەکادیمیست داوای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن
ژمارەیەک لە پرۆفیسۆر ، پزیشک، زانا و ئەکادیمیستە دیارەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا، بە بەشداریی ئیسماعیل بێشکچی کۆمەڵناسی ناودار، لە بانگەوازێکدا بۆ سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە چەقبەستووییی سیاسی و هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێم دەربڕی و داوای پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانیان کرد.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بانگەوازەکەدا، کە بێ هیچ لایەنگرییەکی حزبی و تەنیا لە پێناو خۆشگوزەرانیی گەلی کورددا بڵاوکراوەتەوە، ئەکادیمیستەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 40 ملیۆن کورد لە سەرانسەری جیهاندا، زۆر لە پێکهاتەیەکی کارگێڕیی سادە زیاترە؛ بەڵکوو تاکە قەوارەی سیاسی و دەستوورییە کە ناوی کوردستانی هەڵگرتووە و نوێنەرایەتیی مافی خۆبەڕێوەبردن، ئاڵا، زمان و هیوای گەلەکەمان دەکات کە لە ساڵی 2005دا بە خەباتێکی درێژخایەن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چەسپێندراوە.
واژۆکاران نیگەرانیی جددیی خۆیان نیشان داوە لەوەی دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا هێشتا حکوومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، و کاتێکیش پەرلەمان لە سەرەتای ئەم مانگەدا کۆبووەوە، دوو لایەنی سیاسیی سەرەکی دانیان بە دانیشتنەکەدا نەنا و لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت کشانەوە؛ هۆشدارییشیان دا کە ئەم هەنگاوانە یەکڕیزیی سیاسی و سەقامگیریی قەوارەی فیدراڵیی هەرێم دەخەنە مەترسییەوە.
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا، زانایان و ئەکادیمیستەکان دووپاتیان کردووەتەوە، دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک خواستی زۆرینەی کوردان نییە لە ناوخۆ و لە دیاسپۆرا. هاوکات داوایان لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردووە، چ لە حکوومەت بن یان لە ئۆپۆزیسیۆن لە رێگەی دیالۆگ و تێگەیشتنی دوولایەنەوە جیاوازییەکانیان تێپەڕێنن و ئەو بنەمایە بکەنە پێشەنگی بڕیارەکانیان کە دەڵێت: نەتەوە و نیشتمان لە پێش هەموو شتێکەوە دێن، پاشان حزب یان ئایین و لە کۆتاییدا تاکەکەس، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بۆ نەوەکانی داهاتووش وەک سەرچاوەی شکۆ و راستییەکی زیندووی سیاسی بمێنێتەوە.
ناوی واژووکارانی سەرەتایی بانگەوازەکە:
پرۆفیسۆر د. حوسێن بەکتاش – پزیشک (ئەڵمانیا)
پرۆفیسۆر د. جان ئیلهان کیزیلهان – دەروونناس (ئەڵمانیا)
پرۆفیسۆر د. غازی زێباری – پزیشک (ئەمەریکا)
پرۆفیسۆر د. هەندرێن سۆران – پزیشک (بەریتانیا)
پرۆفیسۆر د. مارینا تالۆیان – پسپۆڕی پەتاناسی (سوید)
د. ئیسماعیل بێشکچی – کۆمەڵناس (تورکیا)
ئیبراهیم گوربووز – دامەزرێنەری بنکەی ئیسماعیل بێشکچی (تورکیا)
د. شوکرۆ گولەر – پزیشک (ئەڵمانیا)
د. گوڵستان ساریباش – پزیشک (ئەڵمانیا)