پلانێکی نوێی بۆ کۆنترۆڵ و ئاوەدانکردنەوەی جورف سەخر رادەگەیەنرێت
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێکارە نوێیە ئەمنییەکاندا، ژمارەیەک شەقامی سەرەکی لە ناوچەی جورف سەخر لە پارێزگای بابل دەکرێنەوە.
چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی عێراقییە گوتی: "ئەو رێکارانەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی جورف سەخر فەرمانی پێکردوون، لە چوارچێوەی بنەماکانی سەربازیی عێراقدان سەبارەت بە رێکخستنەوەی هێزەکان و بڵاوەپێکردنیان، بەشێوەیەک کە باشترین ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکان و وەبەرهێنانی تواناکانی بەردەست دەستەبەر بکات".
هاوکات رایگەیاند، پڕۆسەکە بە سەرپەرشتی و هەماهەنگی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەڕێوەدەچێت و دابەشکردنەوەی یەکە سەربازییەکان و دیاریکردنی کەرتی بەرپرسیارێتی لە نێوان حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عێراق لەخۆ دەگرێت. هاوکات پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆرییەکانی نەوتی پێسپێردراوە و فەوجێکی جێگیری دەزگای دژەتیرۆر وەک هێزی یەدەگ لە ناوچەکەدا ئامادە دەبێت.
ئەم لێدوانەی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاردرا بارەگایەکی کۆنترۆڵ پێکبهێنرێت. ئەرکی ئەم بارەگایە بریتییە لە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی کارەکانی ئەو هێزانەی لە ناوچەکە بڵاوکراونەتەوە.
سەباح نوعمان روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە، ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی لە نێوان فەرماندە ئەمنییەکاندا نیشان داوە. جەختیشی کردەوە، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی هەماهەنگی کارەکان لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و بارەگا نوێیەکەدا، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەپێی ئەو پلانانەی دانراون.
سەبارەت بە کردنەوەی رێگە سەرەکییەکان، سەباح نوعمان جەختیکردەوە: "ئەو پلانانەی دانراون کات و قۆناخی دیاریکراویان بۆ کارکردن تێدایە، کە بە تەواوکردنی بڵاوەپێکردنی یەکە ئەمنییەکان و دیاریکردنی کەرتی بەرپرسیارێتییان دەستپێدەکات، پاشان کردنەوەی ئەو رێگە گرنگانە دێت کە ناوچەکە بە ناحیەی عامریەی فەلوجە و بەغدا و ئەنبار دەبەستنەوە".
هەروەها روونیکردەوە، ئەم رێکارانە سەرەتایەکن بۆ ئاراستەی حکوومی بەمەبەستی پێشخستنی دۆخی جورف سەخر. پلانەکان تەنیا لایەنی ئەمنییان نەگرتووەتەوە، بەڵکو پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژیشیان تێدایە کە بەشداری دەکەن لە پەرەپێدانی ناوچەکە و بەهێزکردنی سەقامگیرییەکەی.
سەباح نوعمان گوتیشی: "جورف سەخر خاوەن پێگەیەکی جوگرافیی ستراتیژییە کە چوار پارێزگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمە جگە لەوەی خاوەن پێکهاتەی کشتوکاڵی و پیشەسازی و دەرفەتی پڕۆژەی نەوتی و خزمەتگوزارییە، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی هێڵەکانی بۆری نەوت کە دەکرێت لە پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەدا وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت".
لە کۆتاییدا گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دووپاتیکردەوە، ئاراستە حکوومییەکان ئامانجیان وەبەرهێنانی ئەو توانایانەیە کە لە ناوچەکەدا بەردەستن و پێشخستنی دۆخی ئابووریی ناوچەکەیە، بەشێوەیەک کە زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لەژێر پاراستنی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا خۆش بکات.