فەرهاد ئەترووشی: هیچ لایەنێک ناتوانێت شەرعیەت بە قاچاخچیتی نەوت بدات

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیران، فەرماندە ئەمنییەکان و ئەندامانی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە بەغدا رایگەیاند؛ قاچاخچیتی نەوت هیچ پەناگە و داپۆشینێکی یاسایی و دەستووریی نییە و ئەنجوومەنی نوێنەران تا دوا قۆناخ پشتیوانی لە هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی دزینی سامانی گشتی دەکات.

چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە گوتارێکدا کە لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە دا، پرسی بەقاچاخبردنی نەوت و سامانی نیشتمانی بابەتێکی زۆر هەستیارە و گوتی: قاچاخچیتی هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووریی نییە و پێشم وا نییە هیچ سیاسەتمەدارێک لە عێراقدا بوێریی ئەوەی هەبێت شەرعیەتی یاسایی یان دەستووری بداتە قاچاخچیتی نەوت و سامانی وڵات.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ستایشی بوێریی فەرماندە ئەمنییەکان و ئەندامانی لێژنەی مەیدانیی لێکۆڵینەوەی کرد، کە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە و گوتی: وەک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هیچ دوودڵی و دواکەوتنێکمان نییە لە پشتیوانیکردنی ئێوە. ئاگادارین کە کارەکانتان لە مەیداندا تەنانەت مەترسیی لەسەر ژیانی ئێوە و ئەندامانی لێژنەکانیش دروست کردووە، بۆیە هەوڵەکانتان بەرز دەنرخێنین.

فەرهاد ئەترووشی جەختی لە پێگەی دەستووریی پەرلەمان کردەوە و رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی: بەپێی دەستوور، ئەنجوومەنی نوێنەران باڵاترین دەسەڵاتی چاودێرییە لە عێراقدا بەسەر حکوومەت، دەزگا ئەمنییەکان، وەزارەتەکان و بەتایبەتیش وەزارەتی نەوتەوە. هەر بۆیە دڵنیا بن ئێمە بە تەواوی پشتیوان و هاوکارتان دەبین و تا دوا خاڵ بۆ سەرخستنی یاسا و پاراستنی سامانی گشتی لەگەڵتاندا دەمێنینەوە.

رۆژی هەینی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی نووسراوی فەرمیی ژمارە (2/ 98) کە لە رێکەوتی 12ـی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووبوو، بڕیار درا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی ئینزیبات و ئاسایشی حەشدی شەعبی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە زانیارییەکانی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە سنووری ناوچەی "جورفوسەخر".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە راپۆرتێکی هەواڵگریی مەترسیدار لە لایەن "ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی" لە 14 لاپەڕەدا ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرا. لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا کرابوو کە قاچاخچێتیی نەوت گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی رێکخراو و ئاڵۆزی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی دەوڵەت بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان ساغ بکرێنەوە.

گرژییەکانی ئەمدواییەی "جورف سەخر" دوای ئەوە هات لە 14ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نۆ بەرپرسی ئاسایش و نەوتی لە کارەکانیان لادا، لەوانە بەڕێوەبەری پۆلیسی بابل، فەرماندەی حەشدی پارێزگاکە، فەرماندەی لیوای شەشەمی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای بۆڕییە نەوتییەکان، دوای ئەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەستکاریکردنی سێ لقی بۆڕیی ستراتیجیی بەسرە - حەدیسە و هەبوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە ناوچەکەدا ئاشکرا کرد.

ناوچەی جورف سەخر بە دووریی نزیکەی 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەغدا، لە تشرینی یەکەمی 2014ـدا لە دەستی داعش رزگار کرا. لەو کاتەوە بۆ نزیکەی 12 ساڵە دانیشتووانەکەی ئاوارەن و ناوچەکە لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندا بووە.