لە پرۆژەیاسای بودجەدا 75 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەرێمی کوردستان دەکرێنە هەمیشەیی

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، دەست دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا کەوتوون، لە پرۆژەیاسای بودجەدا بڕیار دراوە 75 هەزار فەرمانبەری گرێبەستی هەرێمی کوردستان بکرێنە هەمیشەیی، هاوکات رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی مانگانە مووچە بەبێ هیچ گرفتێک بدرێت.

بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی زانیارییەکان، لە پرۆژەیاسای بودجەدا بڕیار دراوە 75 هەزار فەرمانبەری گرێبەست بۆ هەرێمی کوردستان دابمەزرێنرێن و بکرێنە هەمیشەیی. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گشتی نزیکەی 81 هەزار تاوەکو 85 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە پێشتر بەشێکیان لەلایەن بەغداوە پارەکانیان دەدرا و بەشێکیشیان لە داهاتی ناوخۆ مووچەکانیان دابین دەکرا.

پشکی هەرێم لە دامەزراندنی نوێ سەبارەت بە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ لە بودجەدا، ئاماژە بەوە کراوە ئەگەر ژمارەی دامەزراندنی نوێ 100 هەزار یان 120 هەزار کەس بێت (50 هەزار بۆ کەرتی مەدەنی و 50 هەزار بۆ کەرتی سەربازی)، ئەوا هەرێمی کوردستان رێژەی 12%ـی ئەو دامەزراندنەی بەردەکەوێت.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە 445 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دیاری کراوە. هەروەها سەبارەت بە پرسی مووچە، لێکتێگەیشتن و رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی مانگانە مووچە بەبێ هیچ گرفتێک خەرج بکرێت.

هاوکات فاروق یاسری، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ رایگەیاند: لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027ـدا 120 هەزار پلەی وەزیفی بۆ دامەزراندن تەرخان کراوە.

هەروەها روونی کردەوە، لە ژمارەیە پلە وەزیفییە 50 هەزار بۆ هێزە ئەمنییەکان و 70 هەزار پلەش بۆ چین و توێژەکانی دیکە تەرخان کراون؛ هاوکات جەختی کردەوە ئەم ژمارانە بەس نین بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە روو لە زیادبوونەی دەرچووان و ئەوانەی بەدوای دەرفەتی کاردا دەگەڕێن.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامبوونی پشتبەستن بە دامەزراندنی حکوومی، چارەیەکی بەردەوام بۆ کێشەی بێکاری پێک ناهێنێت، ئەمەش لە سایەی سنوورداریی توانای دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بۆ لەخۆگرتنی ژمارەی زۆری دەرچووان بە شێوەیەکی ساڵانە.

فاروق یاسری، داوای کردووە پلانی جیددی دابنرێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکەی بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتردا؛ هەروەها جەختی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەی ئابووریی راستەقینە کردووەتەوە بۆ قەیرانی بەگەڕخستنی گەنجان و، تەنیا پشت نەبەسترێت بە تەرخانکردنی پلەی وەزیفیی حکوومی کە لە خوار ئاستی پێداویستییە راستەقینەکانەوە دەمێننەوە.