سێنتکۆم هۆشداریی توند دەداتە کەشتییەکان

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە رێنمایی و هۆشدارییەکی نوێدا رایگەیاند؛ هەر کەشتییەک لە نێو دەریادا بار لە کەشتییەکی دیکە وەربگرێت کە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بار کرابێت، وەک هەوڵێک بۆ شکاندن و خۆدزینەوە لە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا هەژمار دەکرێت و هێزەکانیان رێکاری توندی بەرامبەر دەگرنەبەر.

چوارشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەشتییە بە هیچ شێوەیەک نەچووبێتە نێو بەندەر یان کەناراوەکانی ئێرانەوە، هەر جۆرە وەرگرتنێکی بار لە دەریادا لە کەشتییە گەمارۆدراوەکان، بە پێشێلکاری دادەنرێت.

سێنتکۆم بە روونی ئەو رێکارانەی ئاشکرا کردووە کە دژ بەو کەشتییانە دەیگرێتەبەر، لەوانە: راگرتن، چوونە سەر کەشتییەکە بۆ پشکنین، گۆڕینی ئاراستەکەی، دەستبەسەرداگرتنی، یان ناچارکردنی بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەندەرە ئێرانییەی بارەکەی لێ هێنراوە.

هاوکات هۆشداریی توندیشی داوە کە هەر کەشتییەک دەستبەجێ ملکەچی فەرمانە یاساییەکانی هێزەکانی سەپاندنی گەمارۆکە نەبێت، رووبەڕووی رێکاری توند دەبێتەوە، لەوانەش بەکارهێنانی هێز بەپێی یاسا بەرکارەکان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 13ـی نیساندا گەمارۆی دەریایی خستە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران، دواتر لە مانگی حوزەیراندا دوای گەیشتن بە رەشنووسی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران گەمارۆکەی هەڵپەسارد، بەڵام لە 14ی تەممووزدا و دوای هەرەسهێنانی رێککەوتنەکە، واشنتن گەمارۆ دەریاییەکەی بە تەواوی سەپاندەوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکان و کەرتی دەریاوانی بۆ رۆیتەرز، سەرەڕای ئەوەی ئێران لە مانگی تەممووزەوە توانیویەتی بڕێکی سنووردار لە گازی شل و سووتەمەنیی فڕۆکە هەناردە بکات، بەڵام هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە چەندین مانگە بە تەواوی وەستاوە و پەکی کەوتووە.