شادمان مەلا حەسەن: هێزی رەق لەناو یەکێتی هاتووەتە ئاراوە
سەرکردەیەکی بەرەی گەل جەختی لەوە کردەوە، نابێت هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت؛ دەشڵێت: جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، زیان بە دانیشتووانەکەی دەگەیەنێت و ئێمە ئەو کارەمان پێ باش نییە.
چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە بەرەی گەل، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24ـدا گوتی: نیشتمانی ئێمە هەرێمی کوردستانە، پێویستە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان نەکرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک حزبێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تووشی کێشە یان دووچاری شکست دەبێت، پەنا بۆ بەها نیشتیمانی و ستراتیژییەکان دەبات، ئەمەش کارێکی زۆر خراپە و ناپەسەندە.
ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل، لە بارەی یەکێتییەوە گوتی: پێشتر حزبەکە ناوەندێکی ستراتیژی و مەعریفی هەبوو، بەڵام ئێستا ناوەندی بیرکردنەوە لەناو یەکێتی بوونی نەماوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ئاراستەیەک هەیە لە پاڵ سەرۆکی یەکێتی، ئەم ئاراستەیە بیرکردنەوەیەکی خراپی هەیە، وای لە سەرۆکی یەکێتی کردووە بڕوای بە دەنگی ئازاد نەبێت و، لە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازادە.
شادمان مەلا حەسەن، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، یەکێتی جاران هێزێکی نەرمی هەبوو، دەنگی ئازادی تێدا بوو؛ بەڵام بە داخەوە ئێستا هێزی رەق لە ناو یەکێتی هاتووەتە ئاراوە.
هەروەها دژی هەموو ئەو هەوڵانە وەستاوە کە باس لە جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن و رایگەیاند: جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمەکە زیان بە دانیشتووانەکەی دەگەیەنێت و کارێکی باش نییە و پرسێکی مەترسیدارە.
ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کرد و گوتی: "بەرەی گەل بۆ بەشداریکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان، هیچ فشارێکی لێ نەکراوە؛ بەڵکو هەر لە سەرەتاوە پشتگیری ئەو کارەمان دەکرد."
ئەوەشی دووپات کردەوە، بە بەشداریی بەرەی گەل نیسابی یاسایی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تەواو نەکرا، بەڵکو ئەوە خودی یەکێتی بوو نیسابی کۆبوونەوەکەی تەواو کرد و وای کرد پەرلەمانەکە کارا بکرێتەوە؛ چونکە شەش ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی جیابوونەوە و هاتن بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد.
شادمان مەلا حەسەن، لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لە هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی کرد و ئاشکرای کرد، لاهور شێخ جەنگی دژی پارچەکردنی هەرێمی کوردستانە؛ جەختیشی کردەوە، سەرۆکی بەرەی گەل رەزامەند بوو لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان.