یەکێتیی زانایان بۆ کوردستان24: یاریی GTA6 حەرامە و داواکارین قەدەخە بکرێت

دەربارەی یاریی ئەلیکترۆنیی جیتی ئەی 6 (GTA 6) گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و دروست نییە، کەواتە مامەڵەکردنیش بەو یارییە و پارەکەشی حەرام دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، یاریی ئەلیکترۆنیی جیتی ئەی 6 (GTA 6) بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و دروست نییە، داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە زووترین کات رێگریی لێ بکەن.

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتیشی: “یەکێتیی زانایان بەردەوام کۆمەڵگەی لە مەترسیی ئەو دیاردانە هۆشیار کردووەتەوە کە زیانیان بۆ سەر گەنج و لاوان، یان خێزان و کۆمەڵگە هەیە، چ مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان بن، یان گەمە و یاریی ئەلیکترۆنیی نادروست، یاخود هاندانی گەنجان بۆ توندڕەوی و کاری خراپ و ناشایستە”.

دەربارەی بڵاوبوونەوەی یاریی جیتی ئەی 6، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوە دا، “بەداخەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی باس کراون، ئەم یارییە شتی خراپ، هاندان بۆ توندوتیژی، سەرەڕۆیی، ماددەی هۆشبەر، بەدڕەوشتی و شتی دیکەی تێدایە کە زیان بە ماڵ، خێزان، سامان و گەنجانی ئێمە دەگەیەنێت؛ بۆیە بەپێی شەریعەتی ئیسلام حەرامە و دروست نییە، کەواتە مامەڵەکردنیش بەو یارییە و پارەکەشی حەرام دەبێت.

ناوبراو پشتی بە فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خوای لەسەر بێت) بەست کە دەفەرموێت: «لا ضرر ولا ضرار»، واتە دروست نییە زیان لە خۆت و دەوروبەرت بدەیت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، شێرکاوەیی داوای لە لایەنی پەیوەندیدار کرد بە زووترین کات ڕێگە لەو جۆرە ماڵپەڕ، ئەپلیکەیشن، یاری و ئەتارییانە بگرن کە گەنجان بەرەو ئاراستەیەکی خراپ دەبەن و چوارچێوەی خێزان و ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنن، هاوکات داواشی لە دایک و باوکان و خێزانەکان کرد ڕێگە نەدەن ڕۆڵەکانیان ئەم جۆرە یارییە نەشیاوانە بەکار بهێنن.

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان روونیشی کردەوە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایان چەندین فەتوای تایبەتی پەیوەست بە شتە نامۆ و قەدەغەکراوەکان دەرکردووە و جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک خۆی بەدوور بگرێت لەو شتانەی زیان بە کیان، کۆمەڵگە و خێزان دەگەیەنن.