هێمن هەورامی: پارتی زەمینەسازیی پێویستی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی کردووە

هێمن هەورامی و ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا
هێمن هەورامی و ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارتی زەمینەسازیی پێویستی کردووە و ئامادەیە بە زووترین کات لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هێمن هەورامی سیاسەت و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەسەر کۆی پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە شی کردەوە و گوتی: “جەختمان لەوە کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان پاش دوو ساڵ لە هەڵبژاردنەکان بۆ دژایەتیی هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکو بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و رەوایەتیی دامەزراوە دەستوورییەکان بووە”.

لەبارەی هەنگاوەکانی کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند: “دووپاتمان کردەوە لە چوارچێوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ برایانی یەکێتی، زەمینەسازیی پێویست لە لایەن پارتییەوە کراوە و ئامادەییمان دەربڕیوە لە زووترین کاتدا لەگەڵ یەکێتی کۆببینەوە. هیواداریشین بەڕێزان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی ئەرێنی بە دەم بانگەوازی سەرۆک بارزانی و زەمینەسازییەکانی پارتییەوە بێن”.

لە لای خۆیەوە، ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بە بایەخەوە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان شی کردەوە، بە مەبەستی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییە هەمەلایەنەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و برەودانی زیاتر بە پێشخستنیان لە ئاستە جیاجیاکاندا.