مۆساد زانیاری لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئەمریکا دەدات

سەرۆکی دەزگای مۆساد داوا لە واشنتن دەکات، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە، بەڵام چەند رۆژێک بخایەنێت.

رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، رۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای مۆساد لە سەردانەکەی بۆ واشنتن لەگەڵ جۆن راتکلیف سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی و بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا کۆبووەوە و داوای کردووە هەڵمەتێکی بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکرێت کە چەند رۆژێک بخایەنێت.

ئاشکراشی دەکات، سەرۆکی دەزگای مۆساد زانیاری هەواڵگری لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بە بەرپرسە ئەمریکییەکان داوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بەرپرسە هەواڵگرییەکەی ئیسرائیل لە سەردانەکەی بۆ واشنتن، فشاری کردووە ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتەکەی، ئێران بۆردومان بکەن.

دەشڵێت، رۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای مۆساد کەسێکی نزیک و متمانەپێکراوی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیلە.

هاوکات رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، پێش هەڵبژاردنی کنێست کە لە 27ـی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل داوای لە رۆمان گۆفمان سەرۆکی دەزگای مۆساد کردووە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەنێو ئێران بکات، بەڵام بێ ئەوەی ئەمە بە ئەندامانی کابینەکەی یان سوپای ئیسرائیل بڵێت.

پێشتریش میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە ئیال زامیر سوپاسالاری ولاتەکە زانیویەتی مۆساد پلانێکی داڕشتووە و وردەکارییەکەی نەزانیوە، بەڵام دژی ئەوە بووە پێش هەڵبژاردنی کنێست هێرش بکرێتەسەر ئێران.

هاوکات رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئاشکرای، واشنتن سیستەمێکی دیکەی بەرگریی "پاتریۆت" و کەرەستەی سەربازیی رەوانەی ئیسرائیل کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە زیان بەر چەند پێگەیەکی ئیسرائیل و بنکە و رادارەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووە.