گەشتەکەی ترەمپ لە چینەوە ژمارەی پێوانەیی فڕۆکەی سەرۆکایەتی شکاند
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، گەشتی گەڕانەوەی لە چینەوە بۆ وڵاتەکەی بە فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێر فۆرس وەن" کە 15 کاتژمێری بێ وەستانی خایاندووە، درێژترین گەشت بووە لە مێژووی ئەو فڕۆکەیەدا.
بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵی "فۆکس نیوز"، دۆناڵد ترەمپ بە پەیامنێری کەناڵەکەی راگەیاندووە، گەشتی فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن) لە چینەوە بۆ ئەمریکا کە بە نیشتنەوەی لە بنکەی ئاسمانیی "ئەندروز" کۆتایی هات، درێژترین گەشتی بەردەوام و بێ وەستان بووە لە مێژووی ئەم فڕۆکە سەرۆکایەتییەدا.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، بەنیازە وردەکارییەکانی ئەو گەشتە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بخاتە روو کە بڕیارە نیوەڕۆی رۆژی هەینی ئەنجام بدرێت.
فۆکس نیوز روونیکردووەتەوە، فڕۆکەکە ئەم گەشتەی بەبێ وەستان بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی ئەنجامداوە، بە پێچەوانەی گەشتی چوونی بۆ چین کە تێیدا بۆ پڕکردنەوەی تانکی سووتەمەنییەکەی وەستابوو. بەپێی لێدوانەکانی ترەمپ، گەشتی گەڕانەوەکەی لە چینەوە 15 کاتژمێری خایاندووە بەبێ وەستان، هەروەها کێشی فڕۆکەکە دوای تێکردنی بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن پاوەند، کە دەکاتە نزیکەی 454 تۆن.
ئەم گەشتەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە، شاری شینژنی چین، هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و شی جین پینگ، سەرۆکی چینی لە لووتکەیەکی سێقۆڵیی بێ وێنەدا کۆکردەوە، کە تێیدا تاوتوێی ئاسایشی نێودەوڵەتی، مەترسییە ئەتۆمییەکان و ململانێ هەرێمییەکانیان کرد.