سامان بەرزنجی: سەرۆکوەزیران بڕیاریی بوێرانەی لە چاکسازی تەندروستی داوە

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمدا شۆڕشێکی چاکسازی لە کەرتی تەندروستیدا کراوە و پڕۆژەی رێکخستنەوەی نرخی نەشتەرگەرییەکانیش لە نەخۆشخانە تایبەتەکاندا ئامادەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت.

لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا کەرتی تەندروستی پەیوەستە بە سیستەمی کۆنی عێراق و بودجەی حاکیمەوە، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا چاکسازیی بنەڕەتی دەستیپێکردووە؛ لەو چوارچێوەیەدا دوو یاسای گرنگی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و یاسای ئەرک و مافی نەخۆش، لەگەڵ شەش پەیڕەوی یاسایی و زیاتر لە 56 رێنمایی دەرچوون.

گوتیشی: "رەشنووسی پێنج تا شەش یاسای دیکەش ئامادەن و داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین بە تایبەتی یاسای بیمەی تەندروستی پەسند بکات، چونکە یەکسانی دەچەسپێنێت و کوالێتی بەرز دەکاتەوە."

دەربارەی کەرتی تایبەت، وەزیری تەندروستی باسی لەوە کرد، پێشتر نەخۆشخانە ئەهلییەکان بێ چاودێری بوون، بەڵام ئێستا لەژێر چاودێریی حکوومەتدان. جەختیشی کردەوە کە کوالێتیی دەرمان، ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا هەمیشە لە کەرتی تایبەت بەرزترە.

لەبارەی نرخەکانیشەوە ئاشکرای کرد، لە ساڵانی 2024 و 2025 و هەشت مانگی ساڵی 2026ـدا، بە بڕی زیاتر لە 660 ملیار دینار داشکاندنی نرخی دەرمان کراوە و بۆ گیرفانی هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە. هەروەها پڕۆژەی پۆلێنکردنی نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ سێ ئاست و دیاریکردنی بەرزترین ئاستی نرخی نەشتەرگەری ئامادەیە و بەم نزیکانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وەزیری تەندروستی روونیشی کردەوە، کێشەی کەمیی هەندێک دەرمانی بایۆلۆجی و هۆرمۆنی لە سەرتاسەری عێراقدا هەبووە و بۆ چارەسەرکردنی لەسەر هێڵن لەگەڵ بەغدا. هاوکات دووپاتی کردەوە کە جگە لە چەند حاڵەتێکی زۆر دەگمەن، سەرجەم نەشتەرگەرییەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دەکرێن و لە داهاتوودا دوو سەنتەری دیکەی چاندنی مۆخی ئێسک لە دهۆک و هەولێر دەکرێنەوە و کار بۆ دانانی پەمپی دڵی دەستکردیش دەکرێت.