فێستیڤاڵی دەنگبێژی و گۆڤەند لە شنگال بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ هەینی، 20ی تشرینی دووەمی 2026، فێستیڤاڵی دەنگبێژی و گۆڤەند، بە ئامانجی زیندووڕاگرتن و پاراستنی هونەری رەسەنی کوردی، بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ناحیەی سنوونێ لە شنگال لە ماڵی پێکەوەژیان بەڕێوەدەچێت.

هەینی، 20ی تشرینی دووەمی 2026، رێناس حەسەن بابەکر، یەکێک لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکەدا، دوای کردنەوەی فەرمی و ژەنینی ئامێری تار، دەنگبێژانی وەکو جەلۆ شنگالی لە شنگال، سەید حەیدەر بەرزنجی و سەید رێبوار کاکەیی لە خانەقین و بەڵێن فارس لە کەرکووک بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن. هەروەها گرووپی گۆڤەندی شنگال و گرووپی گۆڤەندی ئەستێرەکان لە سلێمانی، بەشداری لە چالاکییە هونەرییەکانی ئەو رۆژەدا دەکەن."

رێناس سەبارەت بە رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە گوتی،  "لە رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکەدا، کۆڕێکی زانستی لەبارەی کولتووری دەنگبێژی بەڕێوەدەچێت، کە تیشک دەخاتە سەر مێژووی مانەوەی ئەم هونەرە لە ناوچە جیاوازەکان و کاریگەریی جوگرافیا لەسەر شێواز و کولتووری دەنگبێژی."

رێکخەری فێستیڤاڵەکە باسی لەوەش کرد، "هەروەها دەنگبێژان گریڤ لە هەولێر، سیابەند بەرواری لە دهۆک و دەنگبێژانی شنگال، ئەیاد، دەروێش و حەجی بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن. لە بەشی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا گرووپی گۆڤەندی قەڵای شێروانە لە کەلار و گرووپی گۆڤەندی ستیا نەقشا لە شنگال نمایش پێشکەش دەکەن."

سەبارەت بە بەردەوامی ئەو دوو بەشە گرنگەی فێستیڤاڵەکە، رێناس بابەکر دەڵێت، "فێستیڤاڵی دەنگبێژی و گۆڤەند لە هەوڵی ئەوەدایە رێگە بۆ بەردەوامیی ئەم دوو بەشە گرنگەی میراتی کولتووریی کوردی بخاتەڕوو، هەروەها دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ناساندنی شێوازە جیاوازەکانی دەنگبێژی و گۆڤەند لە ناوچەکانی کوردستاندا دروست بکات."

رێناس باس لە ئامانجیی سەرەکی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵی دەنگبێژی و گۆڤەند، پاراستن و زیندووڕاگرتنی ئەم دوو هونەرە وەک بەشێکی گرنگ لە میراتی کولتووری و ناسنامەی نەتەوەیی کوردە. ئەم فێستیڤاڵە هەوڵ دەدات بە کۆکردنەوەی دەنگبێژان و گرووپەکانی گۆڤەند لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، دەرفەت بۆ ناساندنی شێواز و جۆراوجۆریی ئەم هونەرانە و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هونەرمەنداندا دروست بکات."

رێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش دا، "گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە لەوەدایە کە دەنگبێژی و گۆڤەند تەنیا شێوازێک بۆ گۆرانیگوتن و سەماکردن نین، بەڵکو بەشێکن لە مێژوو، ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری گەلەکەمان؛ هەروەها بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە لە شنگال، دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی کولتووری لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و گەیاندنی ئەم میراتە بە جیلی نوێ."

ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداریی دەنگبێژان و گرووپەکانی گۆڤەند لە شنگال و چەندین شار و ناوچەی دیکەی کوردستان، هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی جۆراوجۆریی شێوازەکانی دەنگبێژی و هەڵپەڕکێ لە یەک شوێندا. هەروەها لە رێگەی کۆڕی زانستی و پێشکەشکردنی بەرهەمی هونەرییەوە، گرنگیی ئەم میراتە کولتوورییە و رۆڵی جوگرافیا لە جیاوازیی شێوازەکانی دەنگبێژی دەخاتەڕوو. بەشداریی هونەرمەندان لە ناوچە جیاوازەکانیش دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکان لەنێوان ناوچەکانی کوردستان.