حووسییەکان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سەرجەم بەندەرەکانی سعوودیە دەکەن

 حووسییەکانی یەمەن هۆشدارییان دایە سعوودیە و رایانگەیاند، لە ئەگەری بۆردومانکردنی بەندەری حودەیدە لەلایەن هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی سعوودیە، سەرجەم بەندەرەکانی سعوودیە لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.

هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرمیی حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، ئەو هەڵوێستە وەڵامێکە بۆ هەر ئەگەرێکی بۆردومانکردنی بەندەری حودەیدە. سەریع جەختیکردەوە، "هێزە چەکدارەکان مامەڵە لەگەڵ بەندەرەکانی سعوودیە لەسەر کەناراوەکانی دەریای سوور وەک ئامانج دەکەن ئەگەر ئەو هەڕەشانە جێبەجێ کران."

سەریع هۆشداریی ئاراستەی فەرمانبەران و کرێکاران و ئەوانەی لە نزیک ئەو بەندەرانەن کرد و داوای لێکردن دەستبەجێ شوێنەکان چۆڵ بکەن و لێی دوور بکەونەوە. هاوکات داوای لە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی کرد بە زووترین کات کەشتییەکانیان لەو بەندەرانە بکێشنەوە.

ئەم هۆشدارییە بەندەرەکانی سعوودیە لەسەر دەریای سوور دەخاتە بەردەم لێکەوتەی راستەوخۆی هەر گرژییەک کە بەندەری حودەیدە بکاتە ئامانج. هێزە چەکدارەکان جەختیان لەوە کردەوە، هەر هێرشێک بۆ سەر بەندەرەکە بە وەڵامدانەوەیەک وەڵام دەدرێتەوە کە ئەو بەندەرانەی سعوودیە دەگرێتەوە.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانی پشتگیریکردنی شەرعییەت لە یەمەن، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانی داوای لە مەدەنییەکان کردووە بەندەری حودەیدە چۆڵ بکەن. مالیکی روونیکردەوە، چۆڵکردنەکە دەبێت بەپێی نەخشەی روونکردنەوەی شوێنەکە بێت، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی مەدەنییەکان.

داواکاریی چۆڵکردنەکە لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان حووسییەکان و سعوودیە توندتر بووەتەوە. هاوکات ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە دێن کە پێنجشەممە حووسییەکان هێرشێکیان کردە سەر بەرزترین تاوەری نیشتەجێبوون لە ریاز.