کێن ئەوانەی زیاتر مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشکیان لەسەرە؟

دکتۆرە یێلێنا سیدۆرینکۆڤا، پزیشکێکی پسپۆڕیی منداڵان، ئاماژەی بەوە دا، هەر یەک لە نەخۆشانی کە بەرگریی لەشیان کەمە  و منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ، هەرزەکاران و کەسانی سەرووی تەمەنی 60 ساڵان، لەو توێژە سەرەکییانەن کە زیاتر مەترسیی تووشبوونیان بە هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا) لەسەرە.

هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆرە یێلێنا سیدۆرینکۆڤا، پزیشکی پسپۆڕیی منداڵان، بڵاوی کردەوە، ئەو توێژانەی رووبەڕووی مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا) دەبنەوە، بریتین لەو نەخۆشانەی بەرگریی لەشیان کەمە، منداڵان، هەرزەکاران و ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 60 ساڵانەوەیە.

سیدۆرینکۆڤا دەڵێت: جگە لەو توێژانەی سەرەوە، ئەو کەسانەش مەترسییان لەسەرە کە بەهۆی چالاکی، ئارەزوو یان خووەکانیانەوە، زۆربەی کات لە شوێنە قەرەباڵخەکاندا ئامادەن یان لە ناو کۆمەڵە داخراوەکاندا تێکەڵ دەبن و، هەروەها ئەو کەسانەشی کە بە شێوەیەکی بەردەوام گەشت دەکەن.

بە گوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، پرۆسەی کوتان (ڤاکسین) تەنیا پشت بە زیادبوونی چاوەڕوانکراوی تووشبوونەکان نابەستێت؛ بۆ نموونە، کوتانی بە پەلە لە کاتی بوونی مەترسیی تەشەنەسەندنی پەتادا ئەنجام دەدرێت، واتە کاتێک رێژەی تووشبوون بەراورد بە ساڵی پێشوو دوو هێندە دەبێت یان زیاد دەکات. هەروەها کوتان لە ناوەندەکانی گواستنەوەی نەخۆشیشدا دەکرێت کاتێک حاڵەتێکی تووشبوون بە هەوکردنی پەردەی مێشک ئاشکرا دەبێت، بۆ نموونە لە باخچەی ساوایان، قوتابخانە، بەشەناوخۆیی خوێندکاران یان سەربازگەکاندا؛ لەم حاڵەتانەشدا ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان لەگەڵ کەسی تووشبوودا هەبووە دەکوترێن و چارەسەری خۆپارێزیشیان بە دژەبەکتریاکان (ئەنتیبایۆتیک) پێ دەدرێت.

 

هەوکردنی پەردەی مێشک چییە؟

نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک (سەحایا) بریتییە لە هەوکردنی ئەو پەردە پارێزەرە ناسکانەی کە مێشک و دڕکەپەتک دەورە دەدەن، ئەم نەخۆشییە یەکێکە لە حاڵەتە پزیشکییە هەستیار و بە پەلەکان کە ئەگەر لە کاتی خۆیدا دەستنیشان نەکرێت و چارەسەر وەرنەگیرێت، دەکرێت مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆش دروست بکات یان زیانی هەمیشەیی بە کۆئەندامی دەمار بگەیەنێت.

 

نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکە

 -تای بەرز و سەرئێشەی توند؛ یەکێکن لە یەکەمین و دیارترین نیشانەکان.

-رەقبوونی مل؛ نەخۆش ناتوانێت بە ئاسانی چەناگەی بنوشتێنێتەوە بەرەو سنگی.

-هەستیاری بە رووناکی؛ چاوی نەخۆش بە رووناکی بەهێز ئازاری پێدەگات و بێزار دەبێت.

-دڵتێکچوون، رشانەوە و تێکچوونی هۆش؛ لە حاڵەتە توندەکاندا گەشکە و لەهۆشچوونیشی لەگەڵدا دەبێت.

-نیشانەکان لە منداڵی ساوادا؛ لەوانەیە بە گریانی بەردەوام، بێزاری، نەخواردنی شیر، خەواڵوویی زۆر، یان دەرپەڕین و ئاوسانی مەڵاشووی سەری دەربکەوێت.