ئەکسیۆس: هەفتەی رابردوو شاندی قەتەر لەگەڵ ئێران و ئەمریکا کۆبووەتەوە
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، هەردوو نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، ستێڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، لە شاری بەرلین کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای قەتەر ئەنجام داوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان واشنتن و تاراندا.
هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرای کردووە، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا کە لە پەراوێزی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە بەرلین بەڕێوە چوو، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر و عەلی ئەلزەوادی، نێردەی تایبەتی قەتەر بەشدار بوون.
قەتەر وەک نێوەندگیری سەرەکیی نێوان ئەمەریکا و ئێران، چەند هەفتەیەکە هەوڵ دەدات رێککەوتنێک بهێنێتە کایەوە بۆ زیندووکردنەوەی ئاگربەست، دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای زنجیرەیەک جموجۆڵی چڕی دیپلۆماسی دێت؛ هەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە. دوابەدوای ئەوەش، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە تورکیا چاوی بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کەوت و وردەکاریی گفتوگۆکانی واشنتن و رێگەکانی شکاندنی بنبەستی دانوستانەکانی پێ گەیاند.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا شاندێکی تەکنیکیی ئێران بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان سەردانی دەوحەی کرد، هاوکات عێراقچی سەردانی هەریەک لە پاکستان و عوممانی کرد و لە مەسقەتیش لەگەڵ عەلی ئەلزەوادی، نێردەی قەتەر کۆبووەوە؛ بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن سەرەڕای ئەم هەموو دیدار و پەیوەندییە چڕانە، هێشتا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهاتووە.
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی، سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، هەڵمەتێکی سەربازیی نوێ دژی ئێران پێویست نییە، بەڵام لەو کاتەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێ ئەنجام بدات.
ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، پەلە لە هیچ بڕیارێک ناکات و تاوەکوو سەرەتای ساڵی نوێ بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتووی جەنگ نادات. هاوکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی تاران گرت و جەختی کردەوە، ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام واشنتن تەنیا رێککەوتنێکی راستەقینەی دەوێت نەک رێککەوتنی ساختە، و هەرگیزیش رێگە نادرێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.