یەکەم کاروانی نەوت دەگاتە پێنجوێن و سبەی دابەش دەکرێت
راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن بڵاوی کردەوە، وەک یەکەم ناوچە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 15 تەنکەر نەوت بۆ قەزای پێنجوێن دابین کراوە و سبەی شەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی هەوڵ و بەدواداچوونە بەردەوامەکاندا، یەکەم کاروانی نەوت گەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی و قەزای پێنجوێنیش وەک یەکەم ناوچە، بڕی 15 تەنکەر نەوتی بۆ تەرخان کراوە.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە گوێرەی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، سبەی شەممە بە شێوەیەکی رێکخراو دەست بە دابەشکردنی ئەم کاروانە لە سەنتەری قەزای پێنجوێن دەکرێت و سەرەتا لە گەڕەکی ناوشاخانەوە دەستپێدەکات.
لەبارەی بڕ و نرخەکەشیەوە، قایمقامیەتی پێنجوێن روونی کردووەتەوە کە بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر نەوت بە نرخی 33 هەزار دینار دابەش دەکرێت و کارەکەش لە رێگەی لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە جێبەجێ دەکرێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا داوا لە هاووڵاتییان کراوە پابەندی رێنماییەکان بن و هاوکاری لیژنەکان بکەن، تا دابەشکردنەکە بە رێکخراوی و بەبێ کێشە بەڕێوە بچێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، قایمقامیەتی قەزای پێنجوێن دڵنیایی بە هاووڵاتییان داوە کە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان بەردەوام دەبن و لە داهاتوویەکی نزیکدا کاروانی دووەمی نەوتیش دەگاتە پێنجوێن، بەو هیوایەی وەک کاروانی یەکەم، پێنجوێن یەکەم ناوچە بێت کاروانی دووەمیشی پێ بگات.