لە هەڵەبجە فێستیڤاڵی شانۆی "گۆران" بەڕێوەدەچێت
خولی چوارەمی فێستیڤاڵی شانۆی "گۆران"، تایبەت بە شانۆی قوتابخانە و خوێندنگەکانی هەڵەبجە، بەبەشداری 20 بەرهەمی شانۆیی بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، ئەمجەد جەمال، بەڕێوەبەری چالاکی هونەری قوتابخانەکان بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 2019دا خولی یەکەمی بەڕێوەچووە، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەنگاو بە هەنگاو گەشەی کردووە و ئێستا گەیشتووەتە خولی چوارەم. فێستیڤاڵی شانۆی "گۆران"، لە ماوەی ئەم ساڵانەدا جگە لەوەی بووەتە شوێنێک بۆ پێشکەشکردنی نمایشە قوتابخانەییەکان، بەڵکو دەرفەتێکی گرنگیش بووە بۆ دەرخستنی توانای قوتابیان، ناساندنی بەهرە شانۆییە نوێیەکان و بەهێزکردنی بنەماکانی شانۆ لە نێو جیلی نوێدا."
ئەمجەد جەمال سەبارەت بە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە گوتی، "لەم خولەدا 20 ناوەندی خوێندن سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە بەشداری دەکەن و بەرهەمە شانۆییەکانیان دوای تێپەڕبوون لە هەڵسەنگاندنی لیژنەی پەروەردە، ئامادەی پێشکەشکردنن. مامۆستایانی قوتابخانەکان ئەرکی دەرهێنانی نمایشەکانیان لە ئەستۆ گرتووە و قوتابیانیش وەک ئەکتەر لەسەر شانۆ دەردەکەون و رۆڵی کارەکتەرەکانی نمایشەکان دەگێڕن."
بەڕێوەبەری چالاکی هونەری قوتابخانەکان باسی لەوەش کرد، "ئەم شێوازەی کارکردنە، لە لایەکەوە دەرفەت بە مامۆستایان دەدات توانایان لە بواری دەرهێنان و رێکخستنی کاری شانۆییدا بخەنە روو و لە لایەکی دیکەوە قوتابیان لە رێگەی ئەزموونی کردارییەوە فێری بنەماکانی شانۆ، کارکردنی کۆمەڵایەتی، هاوکاری و دەربڕینی بیر و هەستەکانیان دەبن."
سەبارەت بە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فێستیڤاڵەکە، ئەمجەد جەمال دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە، گرنگیدانە بە بەشداریی هەموو قوتابیان، بەبێ جیاوازی لە تواناکان و جیاوازییەکانیان. لەم چوارچێوەیەدا، یەکێک لە نمایشەکان بە تەواوی لەلایەن قوتابیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و تووشبووانی داون سندرۆم پێشکەش دەکرێت."
ئەمجەد جەمال ئەوەشی روونکردەوە، "ئەم هەنگاوە لە رووی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە شانۆ وەک ئامرازێک بۆ بەشداریکردن، دەرخستنی تواناکان و شکاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێت و دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی قوتابیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانیش توانای خۆیان لە بواری هونەردا پیشان بدەن."
سەبارەت بە نمایش بە زمانی هەورامی، ئەمجەد جەمال دەڵێت، "لە هەمان کاتدا، نمایشێکی دیکە بە زمانی شیرینی هەورامی پێشکەش دەکرێت، ئەمەش رەنگدانەوەی فرەزمانی و دەوڵەمەندیی کولتووریی ناوچەکەیە و رۆڵی شانۆ لە پاراستن و ناساندنی زمان و ناسنامەی ناوچەیی دەردەخات."
ئەمجەد جەمال لەرووی بەشداری رەکەزیشەوە جەختی کردەوە، "لە رووی بەشداریی رەگەزییەوەش، بەشی زۆری کارەکتەرەکانی نمایشەکان مێیینەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەشداریی بەرچاوی کچان لە بەرهەمهێنانی نمایشەکان و بوونی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەوەی توانایان لە بواری شانۆدا بخەنە روو."
سەبارەت بە دیاریکردنی باشترین بەرهەم و ئەکتەرەکان، ئەمجەد جەمال دەڵێت، "لە کۆتایی ئەم فێستیڤاڵەدا لیژنەیەکی پسپۆڕ هەڵسەنگاندنی نمایشە بەشداربووەکان دەکات و سێ باشترین بەرهەمی شانۆیی، هەروەها سێ باشترین ئەکتەری کوڕ و سێ باشترین ئەکتەری کچ دیاری دەکرێن. ئەم هەڵسەنگاندنە جگە لەوەی دەرفەتێکە بۆ هاندانی قوتابیان و ناساندنی توانای ئەکتەرە گەنجەکان، دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی ناوەندەکانی خوێندن گرنگیی زیاتر بە شانۆ بدەن و لە ساڵانی داهاتووشدا بەرهەمی شانۆیی بە ئاستێکی باشتر ئامادە بکەن."
ئەمجەد جەمال ئاماژەی بەوەش دا، "لە ماوەی خولەکانی رابردوودا، فێستیڤاڵی شانۆی "گۆران"، توانیویەتی شوێنێکی گرنگ لە ژیانی هونەری هەڵەبجەدا بگرێت، بە شێوەیەک کە بەردەوامیی ئەم فێستیڤاڵە بووەتە بابەتێکی گرنگ لای شانۆکاران و ئەوانەی گرنگی بە داهاتووی شانۆ لەم شارە دەدەن."
خولی چوارەمی فێستیڤاڵی شانۆی "گۆران" لە هەڵەبجە، بە بەشداری 20 ناوەندی خوێندن، نزیکەی 20 بەرهەمی شانۆیی و 100 ئەکتەری قوتابی، هەوڵێکە بۆ ئەوەی شانۆ لە قوتابخانەکانەوە بەرەو جیلی نوێ ببرێت و قوتابیان جگە لە خوێندن، دەرفەتی ئەوەشیان هەبێت لە رێگەی هونەرەوە تواناکان و داهێنانەکانی خۆیان پیشان بدەن.