هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی: داوای لە پارتی و یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و داخستنی بارەگایەک لە هەولێر، داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها رایگەیاند، داخستنی ئەو بارەگایەی هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی و لەسەر داوای "هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی" بووە.

لە بەشی یەکەمی قسەکانیدا، ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، کامیل جەلال، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخی سیاسیی ئێستا و نەخوازراوی هەرێمی کوردستان، رەنج و خەباتی گەل و نیشتمان لەبەرچاو بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. جەختیشی کردەوە، گفتوگۆ "تاکە چارەسەرە بۆ سەرجەم کێشەکان".

لە تەوەرێکی دیکەدا، کامیل جەلال باسی داخستنی بارەگایەکیکرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەولێر بەناوی "هاوپەیمانیی نیشتمانی" کرابووەوە. سەبارەت بەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەش کە دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن کەسێکەوە بەناوی سەرۆکی ئەو حزبەوە سازکرا، گوتی: "مەکتەبی سیاسیی ئێمە پێمان وایە کۆنگرەکە کۆمەڵێک چەواشەکاریی تێدایە".

سەبارەت بە هۆکار و رێکارەکانی داخستنی بارەگاکەش، کامیل جەلال روونیکردەوە، داخستنی ئەو بارەگایە لەسەر داوای فەرمیی "هاوپەیمانیی دەنگی نیشتمانی" بووە و گوتی: "داوایەکی فەرمیمان پێشکەش بە پارێزگاری هەولێر و بەشی کۆمەڵەکانی پارێزگا کردبوو، ئەوانیش بەرزیکردبووەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ".

لە کۆتاییشدا روونیکردەوە، وەزیری ناوخۆ داواکارییەکەیانی قبووڵ کرد و بەو هۆیەوە بارەگاکە بە شێوەیەکی فەرمی داخرا.