پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لە کۆبوونەوەدان

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دەستی پێ کردووە، کە یەکەمین دیداری فەرمیی هەردوو لایەنە لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ ئەمڕۆ شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەتەوە و کۆبوونەوەکە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.

 

ئەندامانی شاندی پارتی:

- مەحموود محەممەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی. 

- پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی. 

 

ئەندامانی شاندی یەکێتی:

- رێواس فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی. 

- یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی.

 

ئەم کۆبوونەوەیە وەک یەکەمین دیداری فەرمیی نێوان هەردوو لایەن لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم مانگەدا دێت و وەک دەستپێکێک بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان سەیر دەکرێت، کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت، بەتایبەت دوای پێشهاتەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمان.

رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2026، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە  هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار (فراکسیۆنی پارتی، پێکهاتەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە) کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد، کە تێیدا ڤالا فەرید بە سەرۆک، رامین نووری عەودی بە جێگر و مونا نەبی قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران. 

رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە یەکێتی و پارتی کرد کۆببنەوە و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکە بهێنن، هاوکات داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانیی بنکەفراوانی کرد.

رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا پشتیوانیی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی دووپات کردەوە و داوای لە تیمی وەزیرانی یەکێتی کرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، کە تێیدا پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسییان بەدەست هێنا.