لاهوور شێخ جەنگی: دژی جیاکردنەوەی سلێمانیم و بەشداریی حکوومەت دەکەین
کوردستان24 لە نێو زیندانەوە نوێترین هەڵوێستی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی "بەرەی گەل"، لەبارەی هەوڵەکانی جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و دوو ئیدارەیی ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکی "بەرەی گەل" بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوایین دیداردا لە چاکسازیی گەورانی سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و گوتوویەتی، جیاکردنەوەی سلێمانی و بەهەرێمکردنی خزمەت بە گەلی کوردستان ناکات و دژایەتیی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەردەبڕێت.
سەرچاوەکە گوتیشی، لاهوور شێخ جەنگی لەم رۆژانەدا پەیامێکی تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسی و پرسی جیاکردنەوەی سلێمانی دەبێت.
لەبارەی هەڵوێست و بەشداریکردنی "بەرەی گەل" لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، سەرچاوە تایبەتەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ بەشداریکردنی حزبەکەیەتی لە کابینەی دەیەمدا و سەرکردایەتیی "بەرەی گەل"ـیش هەمان بۆچوونیان هەیە.
روونیشی کردەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت "بەرەی گەل" بچێتە نێو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پۆست لە کابینەی 10ـەم وەربگرێت.
هەر لەبارەی دۆخی تەندروستیی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای، ئەو سەرچاوەیە گوتی، تەندروستییان لە زیندان باشە، رۆژانە لە زیندانەوە چاودێریی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە ماوەی رابردووشدا هیچ رێگرییەک لە سەردانیکردنی کەسوکار و پارێزەرەکانیان بۆ زیندان نەکراوە.
لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای دوورخستنەوەی لە سەرکردایەتیی ئەو حزبە لە ساڵی 2021دا، پارتی "بەرەی گەل"ـی دامەزراند و لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 دوو کورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا.
بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی کە شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی بوو. لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداریی چوار کاتژمێریدا، چەند کەسێک لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون و لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران.
رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگای دووی تاوانەکانی سلێمانی بەپێی بەندی 56ـی یاسای سزادان بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەستگیرکراوانی رووداوەکەی لالەزار دەرکرد، تێیدا لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ و پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزادران، هەروەها هەشت کەسی دیکەش سزای جیاوازیان بەسەردا سەپێنرا و دوو کەس بێتاوان دەرچوون.