قەتەر و ئەڵمانیا: دەبێت هێرشەکانی ئێران بوەستن

قەتەر و ئەڵمانیا لە راگەیاندراوێکی هاوبەشدا لە کۆتایی سەردانی میری قەتەر بۆ بەرلین، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر قەتەر و وڵاتانی ناوچەکە و کەشتییە بازرگانییەکان کرد و بە توندی هەر هەوڵێکیان بۆ داخستنی گەرووی هورمز رەتکردەوە، هاوکات وەبەرهێنانی 15 ملیار یۆرۆی قەتەر لە ئەڵمانیا و چەند رێککەوتنێکی ئەمنی و سەربازی راگەیەندران.

لەسەر بانگهێشتی فرانک ڤاڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر رۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2026 سەردانی فەرمیی ئەڵمانیای کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەڵمانیا و فریدریش مێرتس، راوێژکاری فیدراڵیی ئەڵمانیا کۆبووەوە.

لە راگەیاندراوە هاوبەشەکەدا، هەر دوو وڵات بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان کرد بۆ سەر قەتەر و وڵاتانی ناوچەکە و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی ناویان برد. هەروەها سەرکۆنەی هێرش و هەڕەشەکانی ئێرانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کرد و هەر هەوڵێکیان بۆ داخستنی گەرووەکە یان رێگریکردن لە ئازادیی کەشتیوانی رەتکردەوە، پێداگریشیان لە پابەندبوون بە بڕیاری ژمارە 2817ی ساڵی 2026ی ئەنجوومەنی ئاسایش و مانەوەی رێڕەوە بازرگانییەکان بە کراوەیی و بێ هیچ باج و پارەیەک کرد.

دەوحە و بەرلین داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی بە گوێرەی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جێبەجێ بکات و لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە نابێت ئێران هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە هەڕەشەکانی مووشەکی بالیستی و راگرتنی پشتگیری، پارەدارکردن و پڕچەککردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا کرا.

لە لایەکی دیکەوە، هەر دوو لا سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکانیان لە یەمەن و دژی سعوودیە کرد و داوایان لێ کردن دەستبەجێ هەموو کردەوە سەربازییەکان و هێرشەکانی سەر کەشتیوانیی مەدەنی بوەستێنن، هاوکات داوایان لە ئێران کرد پڕچەککردن و پشتگیریکردنی حووسییەکان رابگرێت.

لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەرلین و دەوحە پابەندبوونی خۆیان بە چارەسەری دوو دەوڵەتی لەسەر سنوورەکانی 4ی حوزەیرانی 1967 دووپات کردەوە. هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی پلانی گشتگیری کۆتاییهێنان بە ململانێکانی غەززە بە گوێرەی بڕیاری ژمارە 2803ی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی ئاسایش راگەیاند، کە چەککردنی تەواوەتیی حەماس و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە و گەیاندنی بێ بەربەستی هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆ دەگرێت.

سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیاش، هەر دوو وڵات پشتگیرییان بۆ سەربەخۆیی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دووپات کردەوە و داوای راگرتنی شەڕ و ئەنجامدانی دانوستانی جیددیان کرد، هەروەها نیگەرانیی خۆیان لە کاریگەریی گەمارۆی گەرووی هورمز و جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا بۆ سەر نرخی دانەوێڵە و ئاسایشی خۆراکی جیهان دەربڕی.

لە تەوەری سووریاشدا، ئەڵمانیا و قەتەر بووژانەوەی ئابووری و دارایی سووریایان بە لەپێشینەی کارەکان دانا بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و سەقامگیریی ناوچەکە، و پێشوازییان لە وەبەرهێنانی هاوبەش لە نۆژەنکردنەوەی کەرتی تەندروستیی سووریا بە هاوکاریی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لە رووی ئابوورییەوە، هەر دوو لا پێشوازییان لە گەیشتنی قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە ساڵی 2025 کرد، و پێشوازییان لە راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی قەتەر کرد بۆ وەبەرهێنان بە بڕی 15 ملیار یۆرۆ لە ئەڵمانیا لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، بە تایبەت لە پیشەسازییە گرنگەکان و کەرتی بەرگریدا. هەروەها رێککەوتنی هاوکاریی ستراتیژی بۆ کردنەوەی نووسینگەیەکی ئابووریی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن لە دەوحە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری ئاشتی و چارەسەری ناکۆکییەکان واژۆ کران.

لە بواری ئەمنی و بەرگریشدا، ئەڵمانیا و قەتەر پێشوازییان لە واژۆکردنی دوو رێککەوتنی هاوکاریی ئەمنی و رێککەوتنێکی دۆخی هێزەکان (SOFA) کرد بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی بەرگری، هاوکات پابەندبوونی خۆیان بە گفتوگۆی ستراتیژیی نێوانیان دووپات کردەوە کە بڕیارە یەکەم کۆبوونەوەی لە سەرەتای ساڵی 2027 ببەسترێت.

هەر دوو وڵات بایەخی هاوبەشییان لە کەرتی وزەدا، لەوانەش گازی سروشتیی شل (LNG) و وزەی نوێبووەوە و کاراکردنی رێککەوتنی بازرگانیی ئازادی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، هەروەها پابەندبوونیان بە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا و هاوکاریی کولتووری و پەروەردەیی دووپات کردەوە.