لە پەرلەمانی عێراق ململانێی حزبی رۆڵی یاسادانان و چاودێری پەک دەخات

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

ئەندامانی پەرلەمانی عێراق جەختدەکەنەوە، ململانێ سیاسییەکان، پشکپشکێنەی حزبی و تێکهەڵچوونی بەرژەوەندیی نێوان فراکسیۆنەکان، هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی پەسەندکردنی یاساکانن.

ناکۆکییە بەردەوامەکان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی پەرلەمان و پێکهێنانی لیژنەکان، هاوشانی نەبوونی سازان لەسەر پڕۆژەیاسا ناکۆک لەسەرەکان، تەمەنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانیان درێژتر کردووەتەوە و رۆڵی یاسادانان و چاودێریی پەرلەمانیشیان سنووردار کردووە.

بەگوێرەی ئامارێک، لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا پاشەکشەیەکی بەردەوام لە ئاستی یاساداناندا هەبووە. لە خولی ساڵانی 2010 تا 2014 پەرلەمان 216 یاسای پەسەندکرد، بەڵام لە خولی ساڵانی 2014 تا 2018 ژمارەکە بۆ 164 یاسا دابەزی.

ئەم داکشانە لە خولی چوارەمدا کە پێشوەختە لە ساڵی 2021 کۆتاییهات گەیشتە 91 یاسا، هەروەها لە خولی پێنجەمیشدا کە لە ساڵی 2025 کۆتاییهات، تەنیا 69 یاسا پەسەندکران.

سەبارەت بە خولی ئێستاش، لە دەستپێکی خولی شەشەم لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025 تاوەکو 21ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمان تەنیا سێ یاسای پەسەندکردووە. لە کاتێکدا لە ساڵی یەکەمی خولی 2014 تا 2018 نزیکەی 30 یاسا پەسەندکرابوون، بەڵام لە ساڵی یەکەمی خولی 2022 تا 2025 تەنیا دوو یاسا پەسەندکران.

لە بارەی هۆکارەکانی ئەم سڕبوونەوە، ئەحمەد داغر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دواکەوتنی پەسەندکردنی یاساکان پەیوەستە بە ململانێ سیاسییەکان و نەبوونی سازان، لە پاڵ دواکەوتنی خستنە خشتەی کاری دانیشتنەکان بۆ ئەو یاسایانەی ئامادەی دەنگدانن، هەروەها ناکۆکییەکان لەسەر پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکان.

داغر روونیکردەوە، درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانان بە مەبەستی چاوەڕوانیکردنی گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی هیچ ئەنجامێکی نەبووە و تا ئێستا بودجەکە نەگەیشتووەتە پەرلەمان، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی زیاتری کاری دامەزراوەی یاسادانان.

داغر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکان بە بەرپرسیاری چارەسەرکردنی ئەم دۆخە دەزانێت و هۆشداریش دەدات لە لێکەوتەکانی بۆ سەر هاووڵاتییان، بەتایبەتی پەکخستنی ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە ماف، خزمەتگوزاری، دەرفەتە ئابوورییەکان و چارەسەرکردنی دۆسیە گوزەرانییەکان، کە متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکە کەم دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، موجاشع تەمیمی، چاودێری سیاسی رایگەیاند، کێشەکە لەوە قووڵترە تەنیا ناکۆکی بێت لەسەر یاسایەک، بەڵکو پەیوەستە بە سروشتی سیستەمی سیاسییەوە کە لەسەر بنەمای سازان و پشکپشکێنە بنیاتنراوە.

تەمیمی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دۆخە وایکردووە کاری پەرلەمان ببێتە بارمتەی رێککەوتنی ئەو هێزانەی بەشدارن لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە هێزە شیعی، سوننی و کوردییەکانی پێکهێنەری حکوومەت لەخۆدەگرێت.

تەمیمی بۆ ئاژانسی عێراقی رایگەیاند: "پەرلەمان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی سازانەکانی هاوپەیمانییەکە و ناتوانێت بە سەربەخۆیی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، لە کاتێکدا لە دەستپێکی خولی پەرلەمانی پێشووەوە تێگەیشتنە سیاسییەکان بوونەتە مەرجی پێشوەختە بۆ یاسادانان، لێپرسینەوە و چاودێری."

تەمیمی روونیکردەوە، سیستەمی پەرلەمانی پێویستی بە زۆرینەیەکی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنێکی کارایە، بەڵام سازانخوازی وا دەکات پەسەندکردنی یاساکان ببەسترێتەوە بە رێککەوتنی نێوان زیاتر لە 20 حزب و لایەنی سیاسیی ناو هاوپەیمانییەکە.

تەمیمی پەککەوتنی یاساکانی بودجە، نەوت و گاز و دادگای باڵای فیدراڵیی وەک نموونە هێنایەوە و جەختیکردەوە کە بەردەوامیی ئەم رێچکەیە پەرلەمان لە بەشێکی سەرەکیی رۆڵەکەی بەتاڵ دەکاتەوە، تێپەڕاندنی قەیرانەکەش پێویستی بە دەستبەرداربوونە لە بنەمای سازانخوازی وەک مەرجێک بۆ یاسادانان و چاودێری.

هاوکات لێکەوتەی ناکۆکییەکان تەنیا لە دواکەوتنی دەنگداندا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ئەو یاسایانەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە بەڵام رێکارەکانی پەسەندکردنیان تەواو نەکراون، کە بەشێکیان راستەوخۆ پەیوەستن بە مافی هاووڵاتییان و بەرژەوەندیی پێکهاتەکان.

لەو چوارچێوەیەدا، خالید سەیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پێکهاتەی ئێزدی رایگەیاند، ململانێ و بەرژەوەندییە سیاسییەکان و پشکپشکێنەی نێوان فراکسیۆنەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین پۆست، سەرۆکایەتیی لیژنە و وەزارەتەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر رێڕەوی کاری یاسادانان دروستکردووە.

سەیدۆ ئاشکرایکرد، لە خولی ئێستادا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەیاساکان کراوە، لەوانە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هاتوچۆ، خزمەت و خانەنشینی، بەڵام ئەم خوێندنەوانە بە واتای پەسەندکردنی کۆتایی نایەن و هیواخوازن لە وەرزی داهاتوودا دەنگیان لەسەر بدرێت.

سەیدۆ یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی وەک یەکێک لە یاسا گرنگە دواکەوتووەکان دەستنیشانکرد، چونکە بڕگەکانی تایبەتن بە لێپرسینەوە لە هەڕەشە و وتاری رقوکینە، هاوکات پەسەندکردنی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکانیشی بە پێویست زانی بۆ لێپرسینەوە لەو تۆمەتبارانەی بە تاوانی تیرۆر لە زیندانەکاندان.

پەرلەمانی عێراق لە 21ـی ئەیلوولی 2026 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد، بەڵام تا ئێستا رێکارەکانی دەنگدانی کۆتایی تەواو نەکراون.

سەبارەت بە لێکەوتەکان لەسەر پێکهاتەکان، سەیدۆ روونیکردەوە کە پەککەوتنی بودجە کاریگەریی لەسەر دۆسیەی قەرەبووکردنەوە و مافەکانی پێکهاتەی ئێزدی دروستکردووە و کۆی ناکۆکییەکان کاری دامەزراوەکانی دەوڵەتیان پەکخستووە.

سەیدۆ رەتیکردەوە لە پشووی فەرمیی یاساداناندا بن، بەڵام دۆخەکەی بەوە وەسفکرد کە بەهۆی چاوەڕوانیی رێکارەکانی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، لە پشوو دەچێت، هەروەها پێشبینیکرد لە ماوەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی دیکە و لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێدا، کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەستپێبکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، موختار مووسەوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لاوازیی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، ناکۆکیی حزبەکان لەسەر دابەشکردنی لیژنەکان و کەمبوونەوەی بایەخی حکوومەت بە دامەزراوەی یاسادانانی وەک هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە دەستنیشانکرد.

مووسەوی باسی لەوە کرد، ناکۆکیی نێوان حزبەکان لەسەر سەرۆکایەتیی لیژنەکان رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر دانیشتنەکان هەبووە و هەژموونی لایەنەکان لەناو پەرلەماندا بووەتە هۆی ئەوەی دەنگدانی ئەندامان لەژێر گوشاری حزبیدا بێت، نەک لەسەر بنەمای قەناعەتی خۆیان.

مووسەوی رەخنەی لە سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق گرت کە بووەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی یاسادانان، هاوکات داوایکرد بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە، بیر لە سیستەمی سەرۆکایەتی بکرێتەوە بە جۆرێک سەرۆککۆمار راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت.