لە سۆران شوقەکانی کەسوکاری شەهیدان تێکدەدرێن و دەکرێن بە خانوو

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران لەسەر داواکاریی کەسوکاری شەهیدان، بڕیاریدا ئەو شوقانەی پێشتر بۆیان دروستکرابوون تێکبدرێن و لە بری ئەوە خانوویان پێبدرێت.

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی کەسوکاری شەهیدان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گلەییان لە دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەی شوقە هەبوو و داوایان کردبوو بۆیان بگۆڕدرێت بۆ خانوو، بڕیاردرا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت و شوقەکان تێکبدرێن.

ئاشکراشی کرد، ئێستا کارەکانی پڕۆژەی "شاری شەهیدان" لە سۆران زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن کە 160 خانوو لەخۆدەگرێت و هەر خانوویەک لەسەر رووبەری 200 مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی شاری شەهیدان دەکەوێتە سەر شەقامی 40 مەتری نوێ و شوێنێکی ستراتیژیی سۆرانە، هاوکات بە گوێرەی پلانەکان لە داهاتوودا شارەکە بە سەوزایی و باخچەی گشتی دیزاین دەکرێت، بە ئامانجی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ کەسوکاری شەهیدان.