بە بەهای زیاتر لە 10 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان لە پێنجوێن جێبەجێدەکرێن

لە چوارچێوەی کار و پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و بە فەرمانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان لە سنووری پێنجوێن لە بواری جێبەجێکردندان و لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواو دەکرێن.

وردەکاریی پڕۆژەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

 - دووسایدی پێنجوێن - باشماخ: ئێستا کارکردن لە قۆناغی کۆتایی قیرتاوکردنی  رێگەکەدا بەردەوامە؛ ئەم قۆناغە تێچووەکەی نزیکەی سێ ملیار دینارە، لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و بەم نزیکانە تەواو دەکرێت.

 - رێگەی سیامێوە - خڕنوک (لە بناری سورێن): بە درێژیی 8 کیلۆمەتر و بودجەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت؛ پڕۆژەکە هەنگاوی گرنگی بڕیوە و لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە.

 - رێگەی گوندی دۆستەدەرە: بە درێژیی 11 کیلۆمەتر و بودجەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە؛ قۆناغی یەکەمی کە 6 کیلۆمەتر لەخۆدەگرێت، لە تەواوبووندایە و زیاتر لە پێنج گوند لێی سوودمەند دەبن.

 - نۆژەنکردنەوەی رێگەی کەوڵۆس - پێنجوێن: بە درێژیی 27 کیلۆمەتر و بڕی 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.

 - نۆژەنکردنەوەی رێگەی پێنجوێن - سەیرانبەن: بە درێژیی 40 کیلۆمەتر و بڕی ملیارێک و 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە. 

 - قیرتاوکردنی رێگەی خونیانە - دەڵاڕۆ: بە درێژیی 10 کیلۆمەترە و بڕی چوار ملیار دیناری لەسەر بودجەی ئاسایی وەزارەت بۆ تەرخان کراوە؛ قۆناغی یەکەمی تەواو بووە کە نزیکەی 19 گوند لێی سوودمەند دەبن و هاوکات ماوەی رێگەی سەیرانگای گۆڵێ لە 40 خولەکەوە بۆ نزیکەی 15 خولەک کەم دەکاتەوە.