زیرەک زێباری: پەسەندکردنی بودجە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو

زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی بارودۆخی بەغدا و دۆسیەی جورف سەخرەوە، کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی بودجە خاوبوونەتەوە و پەسەندکردنی بودجەی 2027 دەکەوێتە ساڵی داهاتوو؛ هاوکات جەختی کردەوە کە هەوڵی هەندێک لایەن بۆ جیاکردنەوەی پشکی هەندێک پارێزگا لە هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە رەت کراوەتەوە.

یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، گوتی: تا ئێستا کۆبوونەوەکانی لیژنەی هاوبەشی نێوان بەغدا و شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی عێراق نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک، چونکە بەهۆی دۆسیەی جورف سەخر و ئەو بارودۆخەی لە بەغدا دروست بوو، بابەتی بودجە هەندێک خاوبوونەوەی تێکەوتووە.

هەروەها پێشبینیشی کرد کە پەسەندکردنی بودجەی 2027 بکەوێتە ساڵی داهاتوو، بەو پێیەی پشووی یاسادانانی پەرلەمان کە دەبوو لە 1ـی تشرینی دووەم دەست پێبکات، بەڵام تا 1ـی کانوونی یەکەم درێژ کرایەوە، بۆیە مانگی داهاتوو پشووەکە دەست پێدەکات و باوەڕ ناکات جارێکی دیکە درێژ بکرێتەوە؛ چونکە بە گوتەی ئەو، نەک تەنیا کورد، بەڵکو لایەنە عەرەبەکان و هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکانیش تێبینییان لەسەر رەشنووسی بودجەکە هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی بودجەی 2027، زێباری پێی وا بوو کە ئەویش ئێستا ئەستەمە و دەکەوێتە ساڵی داهاتوو؛ چونکە ئەگەر کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت، هەندێک لە وەزیرەکان تێبینییان لەسەر خاڵەکانی رەشنووسەکە دەبێت و تاوتوێکردن و بڕیاردان لەسەری کاتی دەوێت، تەنانەت ئەگەر لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش دانیشتنی لەسەر بکرێت باوەڕ ناکات تێپەڕێنرێت و راستەوخۆ بنێردرێتە پەرلەمان.

دەربارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا، زیرەک زێباری رایگەیاند: هەرێمی کوردستان رازی بووە لە بری 14.14%ـی رێژەی سەرژمێریی 2024، پشکەکەی 12.67% بێت، بەو مەرجەی مووچەی مووچەخۆران لە خەرجیی فیعلی دەربهێنرێت. 

بەڵام سەبارەت بە بوونی دڵنیایی لە بەغدا، ئاشکرای کرد، لەسەر جێگیرکردنی ئەو مەرجە تا ئێستا هیچ گەرەنتی و بەڵێنێکی فەرمی نەدراوە؛ تەنیا یەک بەڵێنی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە کە گوتوویەتی: "تا من سەرۆکوەزیران بم، ناهێڵم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوەستێت."

سەبارەت بە مەرجەکانی رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی، زێباری گوتی : هێشتا لەسەر ئەوە رێککەوتن نییە و تێبینییان هەیە؛ چونکە بەغدا داوا دەکات داهاتی نانەوتی 100% رادەست بکرێت و رۆژانەش 450 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت. پەرلەمانتارەکە روونی کردەوە، کە هەرێم ئەو بڕە بەرهەمهێنانەی نییە و رادەستکردنی 100ـ%ـی داهاتی نانەوتیش غەدرێکە لە حکوومەتی هەرێم.

لەگەڵ ئەوەشدا، زیرەک زێباری گوتی: سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەم بابەتە پێی راگەیاندوون کە وەک حکوومەتی هەرێم پابەند بن و تەنانەت ئەگەر لە رەشنووسەکەشدا جێگیر نەکرێت، بەڵێنیان پێ دەدات کەمتەرخەمی لە پشکی هەرێمی کوردستان نەکات و خۆی بینێرێت. 

روونیشی کردەوە، کە سەرۆکوەزیران داوای ناردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی نەکردووە، بەڵکو لایەنی کوردی بۆی روون کردووەتەوە کە خودی وەزارەتی نەوت و وەزیری نەوتی عێراق دەزانن بەرهەمی نەوتی هەرێم چەندە، بەڵام کاتێک بە وەزیری داراییان گوتووە لە وەزیری نەوت بپرسە، گوتوویەتی "من حەقم بە وەزیری نەوتەوە نییە و دەبێت 450 هەزار بەرمیل رادەست بکەن". زێباری ئاشکرای کرد، کاتێک ئەمەیان بۆ سەرۆکوەزیران باس کردووە، سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە لیژنەیەکی هەمیشەیی لە بەغدا پێک بهێنرێت کە وەزارەتی نەوتیشی تێدا بێت لەسەر پرسی نەوت و هەفتانە راپۆرتی خۆیان بدەن تا ناکۆکی دروست نەبێت.

دەربارەی 120 هەزار پلە وەزیفییەکەی ناو رەشنووسی بودجەی 2027، زیرەک زێباری دڵنیایی دا کە پشکی هەرێمی کوردستان لەو دامەزراندنانەدا دابین دەکرێت ئەگەر ئەو خاڵە لە رەشنووسەکە نەگۆڕێت و، جەختی کردەوە کە هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی بەڵێنیان لەسەر ئەو بابەتە داوە.

سەبارەت بە کاریگەریی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئێستای هەرێم لەسەر پەرلەمان و حکوومەت لەسەر پێگەی کورد لە دانوستانەکانی بەغدا، زێباری جەختی کردەوە، هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیی نەبووە، بەڵکو دۆخی عێراق خۆی خراپە. 

ئاشکراشی کرد، هەندێک لایەن لە بەغدا هەوڵیان داوە پشکی هەندێک پارێزگا لە پشکی هەرێمی کوردستان جیا بکەنەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئەوەی قبووڵ نەکردووە و گوتوویەتی نەخێر، پشکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێت.