سێنتکۆم: براد کوپەر لەگەڵ ئیسرائیل، سعوودیە و قەتەر کۆبووەتەوە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، ئەدمیراڵ براد کوپەر، دوای ئەنجامدانی چەندان کۆبوونەوەی گرنگ، کۆتایی بە سەردانێکی یەک هەفتەیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە.
یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، سێنتکۆم بڵاویکردەوە، براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە میانی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردە باڵا مەدەنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل، قەتەر و سعوودیە، گفتوگۆی لەبارەی ژینگەی ئەمنیی ئێستا و دەرفەتەکانی بەردەوامبوونی هاوکارییەکان کردووە.
سێنتکۆم رایگەیاندووە، براد کوپەر چاوی بە بەشێک لەو 50 هەزار سەرباز و ئەندامەی هێزەکانی ئەمریکا کەوتووە کە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون، هاوکات سوپاسی کردوون بۆ خزمەتە بەرچاو و بێوێنەکەیان و رێزی لە زۆرێکیان گرتووە بەهۆی ئازایەتی، بوێری و بەشدارییە کاریگەرەکانیان لە میانی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا دژی سوپای پاسدارانی ئێران.
لە کۆتاییدا سێنتکۆم رایگەیاندووە، فەرماندە سەربازییەکی ئەمریکا، لەو سەردانەدا چەندان کۆبووەنەوە و دیداری گرنگی ئەمنی و سەربازیی لە بارەی گرژییەکانی نێوان و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە کردووە.
ئەم راگەیەنراوەی سێنتکۆم دوای ئەوە هات، ئامادەکارییەکان بۆ دووربارە هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە نێوان تاران و واشنتن تا دێت روو لە زیادبوون دەکات، لەو بارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، لەبارەی ململانێی بەردەوامی نێوان واشنتن و تارانەوە رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران هێشتا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوامن، بەڵام هیچ نیشانەیەک نییە ئێران لەم قۆناخەدا ئامادەی گەیشتن بە رێککەوتن بێت.
سەرۆکی ئەمەریکا ئێرانییەکانی بە سەماکاری پیشەگەر ناو برد و گوتی: ئەوان بەردەوام قسە دەکەن، هەموو ئەوەی دەیکەن تەنیا قسەکردنە، بەڵام هەمووی قسەی بێبنەمایە. هەروەها بە فۆکس نیوزی راگەیاند، ئێران ئێستا لە پێش هەڵبژاردنەکان شەڕانگێزترە.
لەبارەی ئەگەری تاقیکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، ترەمپ گوتی هیوادارە ئەو کارە بکەن و هۆشداریی دا کە ئەگەر کەشتییەکانی ئێران هەوڵی تێپەڕاندنی گەمارۆ دەریاییەکە بدەن، هێزەکانی ئەمەریکا تەقەیان لێ دەکەن و وەک بەشەکانی دیکەی هێزی دەریایی ئێران هەموویان دەکەونە بنی دەریاوە.
سەبارەت بە خۆپیشاندانە نوێیەکانی ناوخۆی ئێرانیش، ترەمپ گوتی بەشێک لە ڤیدیۆکانی بینیوە و داوای لە خۆپیشاندەرانی ئێران کرد لە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام بن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ فۆکس نیوز، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە رۆڵی قەتەر کرد لە گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان واشنتن و تاراندا، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەکرێت لە رێگەی دانوستانەوە بگەنە چارەسەرێک یان نا.