جارێکی دیکە زیاتر لە هەزار گەشتی ئاسمانی ئەمریکا دوادەکەوێت

کێشەیەکی تەکنیکی لە یەکێک لە سیستەمەکانی دێڵتا ئەیرلاینز-ی ئەمریکی بووە هۆی دواکەوتنی زیاتر لە هەزار گەشتی ئاسمانی. کۆمپانیاکە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەدایە، کاریگەریی لەسەر سیستەمی ئەژمارکردنی کێش و هاوسەنگیی فڕۆکەکان هەبووە.

دووشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دێڵتا رایگەیاندووە، تیمەکانیان کار لەسەر گەڕانەوەی سیستەمەکە بۆ دۆخی ئۆتۆماتیکی دەکەن. هاوکات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی گەشتەکان، وەک چارەسەرێکی کاتی پەنایان بۆ رێکاری دەستی بردووە.

کۆمپانیاکە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جوڵەی ئاسمانی دەکات تا کاریگەریی کێشەکە لەسەر جوڵەی فڕۆکەکان سنووردار بکات و پێشگیری لە دواکەوتنی زیاتری گەشتەکان لە ناوەندی سەرەکیی کارەکانیان لە ئەتلانتا بکات.

داتاکانی کۆمپانیای فلایت ئۆیر-ی تایبەتمەند بە بەدواداچوونی گەشتە ئاسمانییەکان دەریدەخات، یەکشەممە زیاتر لە هەزار گەشتی دێڵتا دواکەوتوون، کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی خشتەی گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایە.

فڕۆکەخانەی ئەتلانتا لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە شایەتحاڵی بەرزبوونەوەی ژمارەی دواکەوتنی فڕینەکان بوو. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای سیریوم، گەشتەکانی کۆمپانیاکە تا کاتژمێر 10ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ گەڕاونەتەوە سەر خشتەی کاتی دیاریکراو.

هێشتا هۆکارە تەکنیکییەکانی ئەو کێشەیە بە فەرمی رووننەکراونەتەوە، بەڵام کۆمپانیاکە لە نامەیەکدا بۆ کارمەندانی روونیکردەوە، تیمەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەیەک لە بنکەدراوەدا دەکەن. ئەو کێشەیە کاریگەریی لەسەر سیستەمی بەدواداچوونی زانیارییەکانی بار و ئەژمارکردنی کێشی کۆتایی فڕۆکەکان دوای بارکردنی سەرنشینان و سووتەمەنی هەبووە.

دێڵتا هۆشداری داوە کە پشت بەستن بە رێکارە دەستییەکان، قەبارەی پەیوەندییەکان و ئەرکی کارکردن زیاد دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەی گەشتەکان روو لە زیادبوونە.

ئەم دۆخە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی کێشە تەکنیکییەکان لە ئەمریکا زیاد کردووە، کە لە ماوەی رابردوودا کاریگەرییان لەسەر سێکتەرەکانی پۆستی ئەلیکترۆنی، بانکەکان و جوڵەی ئاسمانی هەبووە.

جەی کڵایتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، یەکشەممە پێشبینی کرد پچڕان و ئاڵۆزیی زیاتر لە خزمەتگوزارییە تەکنەلۆژییەکان لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکان رووبدات. کڵایتۆن زنجیرە کێشە تەکنیکییەکانی رابردووی بۆ پرۆسەی نوێکردنەوەی سیستەمە کۆنەکان لەلایەن کۆمپانیا و دەزگاکانی حکوومەت گەڕاندەوە و جەختیکردەوە، ئەو کێشانە دەرەنجامی کارێکی رێکخراو یان بە پاڵپشتیی دەوڵەت نین.