لە کەرکووک هاووڵاتییانی گلەیی لە کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکان دەکەن
نەبوونی بودجە و دەرمانی فریاگوزاری، کەرتی تەندروستیی کەرکووکی رووبەڕووی دۆخێکی دژوار کردووەتەوە و ژیانی نەخۆشە هەستیارەکان دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تسرینی دووەمی 2026، دکتۆر شاسوار عەلی، بەڕێوەبەری پشکنین و سکاڵا لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە کوردستان24ـی گوت، نەخۆشخانەکانی کەرکووک بەدەست کەمیی دەرمانە چارەنووسسازەکانی وەک پێداویستیی شوشتنی گورچیلە و دژە ژەهری مار دەناڵێنن، بەڵام کێشەکە لە سەرتاسەری عێراق هەیە. دەشڵێت، پێشتر بودجە و پارەیان لەبەردەست بووە و خۆیان پێداویستییە پزیشکییەکانیان کڕیوە و نەیانهێشتووە هیچ دەرمانێک لە نەخۆشخانەکان کەم بێت یاخود نەمێنێت، بەڵام ئێستا نەبوونی پارە دەستی کەرتی تەندروستیی بەستووەتەوە و قەیرانەکە تەواوی عێراقی گرتووەتەوە.
بەڕێوەبەری پشکنین و سکاڵا لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک راشیدەگەیەنێت، کێشەیان تەنیا لە کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی نییە، بەڵکو کێشەی کۆنی باڵەخانە و نەبوونی قەرەوێڵەی پێویست هەیە. ئێستا چوار نەخۆشخانە لە کەرکووک هەن کە هەرچواریان کۆنن و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە و بە هەرچواریشیان توانای لە خۆگرتنی هەزار و 300 قەرەوێڵەیان هەیە، لە کاتێکدا بە گوێرەی رێژەی دانیشتوان و ستانداردی جیهانی کەرکووک پێویستی بە پێنج هەزار قەرەوێڵە هەیە.
گوتیشی، گلەیی هاووڵاتییان لە جێگەی خۆی دایە و هەموو هەوڵێکیان داوە رێگە نەدەن کەرتی تەندروستی پەکی بکەوێت و دەرمانە دەگمەنەکان لە نەخۆشخانەکان نەمێنن، چونکە ئاساییە هاووڵاتی بچێت لە دەرەوە حەبێکی سەرئێشە بکرێت، بەڵام نابێت دەرمانی نەخۆشییە دەگمەن و درێژخایەنەکان لە نەخۆشخانە بۆی دابین نەکرێن.
بە گوێرەی ستانداردی جیهانی تەندروستی بۆ هەر هەزار هاووڵاتی لە وڵاتێک دوو قەرەوێڵە و نیو دانراوە، بەڵام بە هەموو سنووری کەرکووک تەنیا هەزار و 1300 قەرەوێڵە دابین کراوە.