وەزارەتی پەروەردەی عێراق: لە مووسڵەوە تا بەسرە گرنگی بە وانەی زمانی کوردی دەدرێت

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایدەگەیەنێت کە لە سەرتاسەری عێراق، لە مووسڵەوە تا بەسرە، گرنگی بە خوێندنی وانەی زمانی کوردی دەدرێت و ئارەزووی قوتابییان بۆ فێربوونی زمانەکە زیادی کردووە.

ئەمساڵ، جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لە زۆرینەی شارەکانی عێراق گرنگی بە وانەی زمانی کوردی دەدرێت و قوتابییانیش ئارەزووی فێربوونی زمانی کوردی دەکەن. ئەمەش دوای ئەوەی گرنگیدان بە وانەی زمانی کوردی لە پارێزگای موسەننا کاردانەوەی لێ کەوتەوە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش خۆشحاڵیی خۆیان بەو ئاست و رێژەیە دەربڕی کە وانەی کوردی لە شارەکانی عێراقدا دەخوێندرێت.

سەنا گەرمیانی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "خوێندنی وانەی زمانی کوردی لە سەرتاسەری عێراق گرنگیی پێ دەدرێت؛ لە مووسڵەوە تاوەکو بەسرە وانەی کوردی دەخوێندرێت و مامۆستا و قوتابخانەی کوردی هەیە."

سەنا گەرمیانی ئاشکراشی کرد، لە مووسڵ 650 قوتابی و لە بەسرە 150 قوتابی هەن، هەروەها لە بەغدا 6 بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کار دەکەن و لە زۆرینەی شارەکان تاوەکو پۆلی 4 و 5ی ئامادەیی وانەی کوردی دەخوێندرێت.

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە تێبینییان کردووە قوتابییان ئارەزووی فێربوونی کوردی دەکەن و وەک بەڕێوەبەرایەتیی بەشی خوێندنی کوردی، سەرجەم پێداویستی و کتێبیان بۆ دابین دەکەن و رێگە نادەن هیچ کەموکوڕییەکیان هەبێت؛ هەرچەندە لە چەند شوێنێک کێشەی کەمیی مامۆستای وانەی کوردی هەیە، بەڵام پرۆسەکە پەکی نەکەوتووە.

سەنا گەرمیانی جەختیشی کردەوە کە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و لە ساڵانی داهاتوودا گرنگیی زیاتر بە وانەی زمانی کوردی دەدەن.