ئاوارەکانی شنگال داوای خەرجکردنی قەرەبووەکانیان لە حکوومەتی عێراق دەکەن

ئەمڕۆ زیاتر لە 30 هەزار خێزانی شنگالی لەناو کەمپەکاندا دەژین و زۆربەیان هێشتا قەرەبووی زیانەکانیان وەرنەگرتووە. سەرەڕای تێپەڕبوونی 12 ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، خێزانە ئاوارەکان چاوەڕوانی هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی بە هانایانەوە بچێت و ئەرکە مرۆییەکانی بەرامبەر دانیشتووانی شنگال جێبەجێ بکات.

بابێ تایر شنگالی، ئاوارەیەکی دانیشتووی کەمپەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند "ماڵەکانمان لە شنگال رووخاون و هیچ ژینگەیەکی ئاوەدان بۆ گەڕانەوە نەماوە. داوا دەکەین ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئاوارەکان تەرخان کراوە، پێش پرۆسەی گەڕانەوە بە زووترین کات بدرێت بە خێزانەکان تا بتوانن ماڵەکانیان ئاوەدان بکەنەوە، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر ماڵی وێران."

سوفیان یوسف، بەرپرسی نووسینگەی شنگالی کاروباری ناوچە کوردستانییەکان، سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە گوتی "زۆربەی ماڵەکانی شنگال چ لە باشوور و چ لە باکوور تەقێنراونەتەوە. رێژەی وێرانبوونی ناوچەکە بەپێی ئەو ئامارەی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر داوە، 85%ـە."

زیاتر لە 80%ـی ئاوارەکانی شنگال لەو باوەڕەدان خانووەکانیان لە ناوچەکە بە کەڵکی ژیان نایەت. ئەوان جەختدەکەنەوە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرامبەر ئاوارەکان ئەرکێکی مرۆیی هەبێت تا بتوانن کۆتایی بە ژیانی کەمپەکان بهێنن.

لە دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بڕیار درا 100 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوە تەرخان بکرێت، بەڵام بڕیارەکە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

خالید سەیدۆ، نوێنەری پێکهاتەی ئێزدییان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "ئەو پارەیەی تەرخان کراوە بەسەر خەڵکدا خەرج دەکرێت، کە شامل دەبێت بە مینحەی چوار ملیۆن دیناری گەڕانەوە لەگەڵ قەرەبووی زیانەکان. تا ئێستا خەڵک تەنیا 5% تا 10%ـی قەرەبووەکانیان وەرگرتووە، پێشبینی دەکرێت بەو 100 ملیار دینارە رێژەکە بگاتە 50% تا 60%، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆیان."

دوای هاتنی داعش بۆ شنگال، زیاتر لە 80%ـی ژێرخانی ئابووریی ناوچەکە وێران بوو. تا ئێستا 49 هەزار خێزانی شنگالی مامەڵەی قەرەبووکردنەوەیان تەواو کردووە، بەڵام هێشتا بڕە پارەکەیان بە دەست نەگەیشتووە. شنگال بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ئاوەدان بکرێتەوە پێویستی بە 10 ترلیۆن دینارە.