مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێکی فەرمانبەران دابەش دەکرێت
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی سێشەممە، 24ی تشرینی دووەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت و لە ماوەی پێنج رۆژدا هەموویان مووچەکانیان وەردەگرن.
لە راگەیەنراوەکەدا روونیش کراوەتەوە، هاوکات دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت لە دوای 1ی تەمموزی 2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
ئەوەش خراوەتەروو، بەهۆی دابەزینی داهاتی ناوخۆ و کەمیی پارەی نەختینە لە بانکەکاندا، دابەشکردنی مووچەی ئەو چین و توێژانە ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت.
رۆژی 25ی ئابی 2024ـدا بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 38,000 مامۆستای وانەبێژ کرانە گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە لە پاڵ مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵادا. بەهۆی ئەوەی حکوومەتی فیدراڵی لە دوای 1ی تەمموزی 2024ـەوە تێچووی دامەزراندنە نوێیەکان ناگرێتە ئەستۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و هەموو دامەزراوانی دوای ئەو رێکەوتە لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکات.