دادگاکانی ئێران داوای 290 ملیار دۆلار قەرەبوو لە ئەمەریکا دەکەن
بەرپرسێکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، دادگاکانی ئەو وڵاتە داوایان کردووە ئەمەریکا بڕی 290 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بدات، هاوکات چەندین سکاڵای یاساییشیان لە دژی وڵاتانی عەرەبی کەنداو تۆمار کردووە.
دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، حەسەن عەبدولیانپوور، سەرۆکی ناوەندی پارێزەرانی دەسەڵاتی دادوەری گوتی: لە دادگا ناوخۆییەکاندا بڕیاری دادوەریمان بەدەست هێناوە کە بڕی 290 ملیار دۆلار قەرەبوو بەسەر ئەمەریکییەکاندا دەسەپێنێت.
عەبدولیانپوور گوتیشی: چەندین سکاڵای یاسایی لە دژی وڵاتانی عەرەبی کەنداو تۆمار کراون بە تۆمەتی ڕێگەدان بە ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانی خاکەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. بە گوتەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران، ئەو قەرەبووانە کردەوەکانی ئەمەریکا دەگرنەوە کە دەگەڕێنەوە بۆ چەندین دەیەی رابردوو.
لە 28ـی شوباتدا جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتێک دەستی پێ کرد کە ئەمەریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان ئەنجام دا و تێیدا ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کوژرا؛ لە بەرامبەریشدا ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەو وڵاتانەدا دەکاتە ئامانج.
پێشتر لە مانگی حوزەیرانیشدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە ئیسلامئاباد لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بۆ رێگەخۆشکردن بەرەو رێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرابوو، کە بەندێکی تێدا بوو بۆ ئەوەی واشنتن و هاوبەشە هەرێمییەکانی پلانێک بە بڕی لانیکەم 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران دابڕێژن؛ هاوکات ئێران چەندین دەیەیە بە شێوەی سەرەکی بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە لەژێر سزا قورسەکانی ئەمەریکادایە.